مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکان خەرج دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، محەممەد شیاع سوودانی رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت و هەشتی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی دەربڕی. 
 
ئەو سەرچاوەیە ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت: "سوودانی رەزامەندی دا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی لیستی مووچە؛ هەروەها بڕیاری دا بەخەرجکردنی مووچەکانی مانگی 7 و 8ی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان".   
 
هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ئەوکانتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان کرد و بڕیاریدا "ئەمڕۆ بڕیار بدات بە خەرجکردنی مووچەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ مانگی 7 و هەفتەی داهاتووش مانگی 8 خەرج بکرێت".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا باس لەوە دەکات، لەبارەی ئەو گرفتانەی کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی دروستیکردوون بە بڕینی مووچەی چەند توێژێک لەبەر چەند هۆکارێک، "پێشنیازمان کرد، ئەوانەی دووجار ناویان هاتووە ئەوانەن کە فەرمانبەرن لە هەرێمی کوردستان و مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە، نووسراو ئاراستەی وەزارەتی کاری فیدراڵی بکرێت بۆ ئەوەی مووچەیان ببڕێت، نەوەک بڕینی مووچەکانیان کە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە". 
 
لەبارەی ئەوانەش بایۆمەتریان نەکردووە، شاخەوان عەبدوڵڵا بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاندووە، "ئەوەی بایۆمەتری نەکردووە مانای ئەوە نییە، بوونی نییە و نابێت مووچەکانیان ببڕدرێت؛ هاوشێوەی ئەوانیش لە حکومەتی فیدراڵیش هەیە و بایۆمەتریان نەکردووە".
 
بۆ ئەو مەبەستە شاخەوان عەبدوڵڵا پێشنیازی کرد "گشتاندنێک بکرێت بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کە دەبێت ئەو پڕۆسە لە ماوەی ئەوەندە مانگە تەواو بکرێت، بەپێچەوانەوە مووچەکانیان ببڕن، نەک ئەوەی لە ئێستاوە ببڕێت"؛  دەشڵێ، "باسمان لەوەکرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو پرۆسەیە زۆر خێرایە و لەسەرەتای ساڵەوە لە کۆی 600 هەزار فەرمانبەر کە مابوون و بایۆمەتریان نەکردبوو، ئێستا تەنیا 100 هەزار ماوە و پرۆسەکەش بەردەوامە".
 
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی گوتوە "هەردوو پێشنیازم لاپەسندە و کاری لەسەر دەکەین".
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆتایی قسەکانەیدا دەشڵێت: "دڵنیابن هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە دەیخەینەگەر بۆ ئەوەی بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە میزاجی شەخسی وەزیرێک یان کەسێک دەربکەین و بچێتە چوارچێوەی دامەزراوەیی فەرمی هەردوو حکومەت و یاسا بەرکارەکان" .
 
رۆژی 21ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد.
 
رۆژێک دواتر وەزارەتی دارایی عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەستپێکرد. دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق نزیکە لەوەی دەستپێبکات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 7ـیان وەرنەگرتوە.