رووداو تێبینییەکانی چاودێریی دارایی عێراق لەبارەی لیستی مووچە ئاشکرا دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەى راپۆرتێکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق، نزیکەی 28 هەزار فەرمانبەرى هەرێمى کوردستان زیاترن لەوەى لە یاساى بودجەى گشتیی عێراق دا هاتووە و لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، شەهید و خانەنشین هەبوون کە لەو وەزارەتانە مووچەیان بۆ خەرجکراوە. تێبینیی ئەوەشى هەبووە کە فەرمانگەى پۆلیسى دامەزراوە نەوتییەکان، بارەگا و پەیکەرى رێکخستنى نییە.
 
ئەو راپۆرتەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لە 21ـی تەممووز لەلایەن عەممار سوبحى، سەرۆکى دیوانەکەوە ئاراستەى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە.
   
دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەى بەوە داوە، ئەنجامى وردبینى و چاودێریى و ئەو تێبینییانەى کە هەیان بووە لەو راپۆرتەدا، پرۆسەى خەرجکردنى مووچەی فەرمانبەران پەک ناخات، بەڵکو ئەوەى پێویستە دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەرى تێبینییەکان بکرێت کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 380 هەزار فەرمانبەرى مەدەنى و سەربازی مووچەکانیان بەجێکراوە و 50 هەزاریان لە رێگەى هەژمارى منەوە مووچە وەردەگرن.
 
سەرەڕای ئەو روونکردنەوەیە، بەڵام بەهۆی تێبینییەکانی دیوانی چاودێریی داراییەوە تاوەکو 26ـی ئاب، مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە خەرج نەکراوە. 
 
لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەوان نین و بە چەند خاڵێک روونکردنەوەی لەبارەی بوونی ناوی دووبارە، کێشەی بایۆمەتری، ناوی چواریی دووبارە لە چەند وەزارەتێک، زیادبوونی بڕی مووچە دابوو. 
 
نزیکەی 28 هەزار ناوی زیادە
 
یەکێک لە تێبینییەکانی دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لەبارەى ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە بووە، ئاماژەى بەوە داوە کە بە گوێرەى یاسای بودجەى گشتیی 2023، ژمارەیان 658 هەزار و 189 فەرمانبەرە، بەڵام بە گوێرەى نووسراوى وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان، ژمارەى فەرمانبەرەکانى 686 هەزار و 19 فەرمانبەرە و جیاوازییە زیادەکەى 27 هەزار و 830 فەرمانبەرە.
 
پاساوى وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان، وەکو لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بۆ 23 هەزار و 790 ناوى زیادە دەگەڕێتەوە کە ئەو ژمارەیە لە وەزارەتى پێشمەرگەوە گواستراونەتەوە بۆ سەر وەزارەتى بەرگریی عێراق، لەکاتێکدا دیوانى چاودێریی دارایی دەڵێت، هەرێمى کوردستان بەردەوام بووە لە خەرجکردنى مووچەکانیان بەر لەوەى جارێکى دیکە بگوازرێنەوە سەر وەزارەتى پێشمەرگە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سێ هەزار و 998 پلە وەزیفیى دیکە لەگەڵ 43 پلەى وەزیر هەبوون کە وردەکاریى دامەزراندن یان گواستنەوەیانى تێدا نەبووە، هەروەها حەوت هەزار و 192 خانەنشینى وەزارەتى ناوخۆ هەبوون کە مووچەیان لە وەزارەت وەرگرتووە و دەبێت بگوێزرێنەوە بۆ سەر فەرمانگەى خانەنشینى.
 
ئەو دیوانە ئاماژەى بەوەداوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە لە جێبەجێنەکردنى یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ساڵی 2014ـی عێراق و، پاساوى وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە لە ساڵى 2014ـەوە حکومەتى فیدراڵى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستانى بڕیوە، بەوهۆیەوە نەیانتوانیوە ئەو یاسایە جێبەجێ بکەن.
 
48 کەس دوو مووچەیان وەرگرتووە
 
یەکێک لە تێبینییەکانى دیکەی عێراق ئەوە بووە کە 48 کەس دوو مووچەیان وەرگرتووە کە سوودمەندى چاودێریی کۆمەڵایەتى بوون و فەرمانبەریش بوون، بەڵام وەزارەتى دارایی و ئابووری ئاماژەى بەوە داوە کە تەنیا 40 کەس ماون و هاوکاریی مانگانەى حەوت کەسیان راگیراوە، بەڵام تاوەکو نووسینى ئەو راپۆرتە ئەو دوو مووچەییەی 33 کەسیان بەردەوام بووە.
 
دیوانى چاودێریى دارایی تێبنییەکی دیکەى لەسەر فەرمانبەرانى پەرلەمان بووە بەوەى کە بەگوێرەى یاسای فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتى گشتیی ساڵی 2008 مووچە وەردەگرن، بەبێ ئەوەى کاریان بە هەموارى یاساکە کردبێت بۆ مووچەکانیان. دەڵێت، سەرجەمیان بەجێکردنى مووچەیان بۆ نەکراوە و لە رێگەى هەژمارى بانکى کەسییەوە مووچە وەردەگرن، کە پێچەوانەى بڕیارى دادگەی فیدراڵییە و راسپاردەى ئەوەبووە کە مووچەکانیان بەجێ بکرێت. 
 
لەبارەی وەزارەتى کارەباش ئاماژەى بەوە داوە، 80 فەرمانبەریان تۆمارى بایۆمەتریی مووچەیان نەکردووە کە بە هۆیەوە ئەستەمە بزانرێت مووچەى دیکەیان هەیە یان نا. پاساوى وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش ئەوە بووە، ئەو کەسانە مۆڵەتى بێ مووچەیان کردووە، بۆیە بایۆمەترییان نییە، دیوانى چاودێریی دارایی داواى کردووە بایۆمەترییەکەیان بۆ بکرێت.
 
هەروەها ئەو دیوانە تێبینیی ئەوەى هەبووە کە پێنج پلەى بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى کارەبا هەن کە لە قەزا و ناحییەکانن و بە "زیاد لە پێویست" ناوى بردوون، هەروەها ئاماژەى بەوە داوە 5555 فەرمانبەری وەزارەتەکە بەجێکردنى مووچەیان کردووە کە 34%ـی تێکڕاى فەرمانبەرەکانیانە. 
 
پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان
 
لەو راپۆرتەدا هاتووە، 63 ئەفسەر بە پلەى لیوا و فەریق لە وەزارەتى پێشمەرگە هەن بەبێ ئەوەى پۆستى بەتاڵ هەبێت، براونەتە وەزارەت، ئەوەش پێچەوانەى یاسای خزمەت و خانەنشینیی سەربازییە کە دەبێت پلەبەرزکردنەوەى ئەفسەر لەسەر بنەماى ئەوە بێت پۆستێکى بەتاڵ هەبێت و واى لێ بکات ئەو پلەبەرزکردنەوەیەى بۆ بکرێت.
 
دیوانەکە داوای لە حکومەت کردووە پابەندبن بەو رێکارەوە.  
 
دیوانى چاودێریى دارایی ئاماژەى بەوەشداوە، 1876 کارمەندى وەزارەتى پێشمەرگە تۆمارى بایۆمەترییان نەکردووە و پاساوى هەرێمى کوردستان ئەوە بووە کە ئەو پرۆسەی تۆمارکردنە بەردەوامە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، خەرجکردنى مووچەى 204 کارمەندى شەهید بەردەوامە بەبێ ئەوەى شەهیدبوونیان ئاماژەى پێکرابێت، پاساوی وەزارەتی داراییش ئەوە بووە رێوشوێنەکان بۆ تەواوکردنى مامەڵەیان بەردەوامە.
 
دیوانى چاودێریی دارایی ئەوەى بە وەڵامێکى "ساڕێژنەکەر" ناو بردووە. 
 
هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، وەزارەتى پێشمەرگە مووچەى 5123 کارمەندى خەرجکردووە لەگەڵ ئەوەى رەوانەى خانەشینى کراون.
 
هێزەکانی 70 و 80 
 
بەشێک لە تێبینییەکانى ئەو دیوانە لەسەر هێزەکانى حەفتا بووە کە 27 هەزار و 232 خانەشینی نیڤشکان هەن و دەبێت بگوێزرێنەوە سەر وەزارەتى دارایی، بەڵام هێشتا لەلایەن فەرماندەییەوە پارەیان پێدەدرێت. هەروەها لە لیستى خانەنشینیی پێشمەرگە 2233 جیاوازى هەبووە لەنێوان میلاکى ئەو یەکەیە لەگەڵ لیستى مووچەکانیان.
 
120 ئەفسەرى پلە جیاواز لەو هێزە هەبوون کە گواستراونەتەوە بۆ وەزارەتى پێشمەرگە، تەمەنیان گەیشتووەتە خانەنشینى، بەڵام بەردەوامن لە کارەکانیان، هەروەها یەکەى 70 پەیکەرى رێکخستنى و پەیڕەوى ناوخۆى نییە و تەنیا پەیکەرێکى پێشنیازکراویان پێداون، سەرجەم فەرمانبەرانیشیان بەجێکردنى مووچەیان بۆ نەکراوە و تەنیا لە رێگەى لیستەوە مووچەیان پێدەدرێت. 
 
دیوانى چاودێریى دارایی ئاماژەى بەوەداوە، لە هێزەکانى 80ـی پێشمەرگەش دوو پلەى مەدەنى بە پلەى بریکارى وەزیر هەن، 1351 ئەفسەر و کارمەند هەن کە خانەنشینن یان کەم ئەندامن، بەڵام لە چوارچێوەى میلاکى خشتەى ئەو یەکەیەدان. 
 
هەروەها مووچەى سەرجەم کارمەندانى ئەو هێزە بەجێنەکراوە کە پێچەوانەى بڕیارى دادگەى فیدراڵییە و بە لیست مووچە وەردەگرن. 
 
دیوانى چاودێریی دارایی ئاماژەى بەوەداوە، لە هێزى فریاکەوتنى سلێمانى مووچەى 147 کەس دەدرێت کە شەهیدن، کاتێک پرسیاریان کردووە پێیان راگەیاندوون بەردەوامیی خەرجکردنى مووچەکانیان بەگوێرەى فەرمانێکى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بووە لە ساڵى 2016 بۆ ئەو کەسانەى لە شەڕى داعش شەهیدبوون.
 
هەروەها لەو هێزە پلەى لیوا دراوە بە 11 ئەفسەر بەبێ ئەوەى پۆستیان هەبێت، ئەوەش "پێچەوانەى یاسایە." لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرجەم کارمەندانى ئەو هێزە مووچەکانیان بەجێنەکراوە و لە رێگەى لیژنەوە مووچەکانیان پێ دەدرێت. 
 
پۆلیسی دارستان و زێرەڤانی
 
دیوانى چاودێریى دارایی عێراق تێبینییەکی دیکەی لەسەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسى پاراستنى دامەزراوە نەوتییەکان بووە بەوەى پەیکەرى رێکخستن و پەیڕەوى ناوخۆى نییە، بارەگایشی نییە، هەروەها مووچەى کارمەندانیان بەجێنەکراوە، ئەوەش پێچەوانەى بڕیارى دادگەى فیدراڵییە. 
 
لەبارەی هێزەکانی زێرەڤانییەوە، دیوانەکە دەڵێت، لەنێو هێزى زێرەڤانى 6064 کارمەند هەن خانەنشین بوون و مووچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت، هەروەها 3218 کارمەندیان بایۆمەترییان نەکردووە. 
 
ئەنجوومەنى ئاسایشی هەرێمى کوردستانیش، وەکو لە راپۆرتەکەدا هاتووە، تەنیا بە کۆد ناوى کارمەندان و مووچەکانیان داوە، ناوى دایک و ژمارەى بایۆمەتریی مووچەیان پێنەداون.

 

هاوکات بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو راپۆرتە بە رووداوی راگەیاند، وەڵامی یەک بە یەکی تێبینییەکانی دیوانی چاودێریی داراییان داوەتەوە.