رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خانەنشینان ئاگاداردەکاتەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەدا بایۆمەتری بکەن. بە پێچەوانەوە مووچەکانیان رادەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "هەر خانەنشینێك بایۆمەتری كردووە و نەیگەڕاندووەتەوە، پێویستە لە ماوەی دوو هەفتەدا بایۆمەترییەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانگەی خانەنشینیی پەیوەندیدار."
دەشڵێت، هەر خانەنشینێك لە ماوەی دوو هەفتەدا بایۆمەتری نەكردبێت و نەیگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانگەی خانەنشینیی پەیوەندیدار، بەپێچەوانەوە مووچەكەی رادەگیرێت."
رۆژی 21ـی ئابی 2024، وەزارەتی دارایی رایگەیاند، پارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کە لە بەغداوە دەدرێت زیاتر لە 950 ملیار دینارە، ئەو بڕە پارەیەى کە لەگەڵ لیستى مووچەى مانگى تەممووز نێردراوە، 54 ملیار دیناری لە مانگەکانی پێشوو زیاترە، واتە کۆی پارەکە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارە. زیادەکەش جیاوازى مووچەى خانەنشینانە دوای ناردنی لیستی مووچەکانیان بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی عێراق.
هاوکات، باسی لەوە کرد کە "پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری 100٪ بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بە هەندێک هۆکاری جیاواز، لەوانە: بوونی وارسی خانەنشین و بەشێکی دیکەیشیان لە دەرەوەی وڵات دەژین."
پەیامی وەزارەتی دارایی بۆ حکومەتی عێراق ئەوەیە، هەر کەسێک بایۆمەتری نەبوو، مانای ئەوە نییە کە مووچەخۆر نییە.
هەر ئەوکات، وەزارەتی دارایی لەبارەی زیادبوونی تەمویلی مووچە لەنێوان مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی 2024 رایگەیاندبوو کە "بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتا کردووە و بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووە کە بڕەکەی 54 ملیار و 208 ملیۆن دینارە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ