وەزارەتی کشتوکاڵ: لە چوار ساڵدا نرخی ئالیک 80٪ زیادیکردووە

26-08-2023
سیروان عەباس
نیشانەکردن ئاژەڵداری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمبوونی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان گەشەی کردووە، بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە چوار ساڵی رابردوودا، پڕۆژەی شیرەمەنی 19٪ و، پرۆژەی قەڵەوکردنی ئاژەڵیش 53٪ زیادیکردووە، بەڵام بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ دەڵێت "نرخی ئالیک 80٪ بەرزبووەتەوە."
 
100 پرۆژەی دابەستەکردنی ئاژەڵ و 87 پرۆژەی بەرهەمهێنانی شیر هەن
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان، 100 پرۆژەی دابەستەکردنی گۆلک هەن و، 78 هەزار و 216 سەر گۆلکیان دابەستەکردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2019ـدا 65 پرۆژە هەبوون و 21 هەزار و 46 سەریان تێدا بووە، واتە پڕۆژەی دابەستەکردنی ئاژەڵی گەورە لە چوار ساڵی رابردوودا بەڕێژەی 53٪ زیادیکردووە و بەرهەمهێنانیش 271٪ زیادیکردووە.
 
لەبارەی پرۆژەی بەرهەمە شیرەمەنییەکانیش، فیراس سدیق گوتی، پرۆژەی مانگای شیر لە ساڵی 2019ـدا، 73 پرۆژەبوون و هەشت هەزار و 239 سەر ئاژەڵی گەورەیان تێدابووە، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە 87 پڕۆژە، کە 14 هەزار و 609 سەر ئاژەڵیان تێدایە. بەوپێیەش ژمارەی پڕۆژەکان 19٪ و وزەی پرۆژەکانیش 77٪ زیادیانکردووە.
 
لە هەرێمی کوردستان 5 ملیۆن مەڕ و بزن و 250 هەزار گا و مانگا هەن
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستاندا 5 ملیۆن مەڕ و بزن و 250هەزار گا و مانگا هەن، بەڵام فیراس سدیق دەڵێت: پێویستە ئەو ئامارە نوێبکرێتەوە، چونکە رەنگە گۆڕابێت.
 
نرخی ئالیک 80٪ بەرزبووە
 
لە ساڵی 2019، نرخی 100 دۆلار بە نزیکەی 120 هەزار دیناری عێراقی بوو، ئەوکاتەش نرخی یەک تۆن ئالیکی ئاژەڵ (سۆیا) بە 400 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا نرخی تۆنێکی بە 600 دۆلارە و 100 دۆلاریش بە نزیکەی 154 هەزار دینارە. 
 
فیراس سدیق دەڵێت: ئالیک، 70٪ـی تێچووی بەرهەمهێنانە و ئاژەڵدارەکان پشت بە سۆیا، کا، گەنمەشامی، کەپەک و جۆ دەبەستن، بەراورد بە چوار ساڵ لەمەوبەر، نرخی ئالیک 80٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش بووەتە گرفتێکی دارایی گەورە لەبەردەم ئاژەڵداران، چونکە وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەواش زیاتر پاڵنەری گرانییەکەیە.
 
لەبەر کەمیی هەلیکار لە شار، خەڵک دەست بە پرۆژەی ئاژەڵداری دەکەن
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، وشکەساڵی و کەمبوونی ئاو، وایکردووە بەشێک لە ئاژەڵدارەکان واز لە کارەکانیان بهێنن، چونکە لەوەڕگەکانی جاران نەماون، "بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەهۆی کەمبوونی هەلیکاریش لە شار، خەڵک روویانکردووەتە ئاژەڵداری و ژمارەی پڕۆژەکان بەردەوام زیاددەکەن."
 
گرانیی نرخی گۆشت
 
لەماوەی ساڵێکدا نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سوور لە هەرێمی کوردستان، بەبڕی چوار هەزار دینار گرانبووە و لە 14 هەزار دینارەوە بۆ 18 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
 
فیراس سدیق دەڵێت "ئاژەڵدارەکان، ئالیک بە دۆلار دەکڕن، بەڵام گۆشت بە دینار دەفرۆشن، ئەمەش زیانیان پێدەگەیێنێت و ئەگەر بەراوردی گرانیی ئالیک و دابەزینی بەهای دینار بکەین، گۆشت گران نییە".
 
حەكیم رەحیم، گۆشتفرۆش ‌و شارەزا لە بواری سامانی ‏ئاژەڵ بە رووداوی گوت "پار گۆشتی بەرخ کیلۆی بە 16 بۆ 17 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخی یەک کیلۆ گۆشتی بەرخ 19 بۆ 20 هەزار دینارە."
 
شاڵاو عارف، سەرۆكی رێكخراوی ڤێتێرنەری لەپێناو ‏ژیانیش لەبارەی هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی گۆشت بە رووداوی گوت "بەشێکی پەیوەندی بە گرانبوونی ئالیک و زیندە قەپانەوە هەیە. مانگی 11ـی ساڵی رابردوو، زیندەقەپان بە 5 هەزار و 750 دینار بوو، بەڵام ئێستا بووەتە حەوت هەزار و 700 دینار، ئالیکیش ئێستا نزیکبووتەوە لە 700 دۆلار."

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە