بەهۆی بڕیاری لێخۆشبوونەوە یەک ملیار دیناری قەرزی بچووك ‏دراوەتەوە

 
رووداو  دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری قەرزی بچووك لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ‏رایگەیاند، بەسوودبینین لە لێخۆشبوونی 15%، زیاتر لە ملیارێك دینار لە ‏قەرزی بچووك لە ماوەی دوو مانگدا گەڕێنراوەتەوە ‌و دەشڵێت "داوا دەكەین ماوەی لێخۆشبوونی 15% تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ درێژ ‏بكرێتەوە".‏
 
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری قەرزی بچووك، لە وەزارەتی كاروكاروباری ‏كۆمەڵایەتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە ماوەی دوو مانگی ‏رابردوو بە سوودبینین لە لێخۆشبوونی 15%، نزیکەی 200 گەنج هەموو ‏قەرزەكانیان بە یەك گوژمە گەڕاندووەتەوە بۆ گەنجینەی حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان".
 
ئارام ئەنوەر بڕی ئەو پارەیەی ئاشکرا کرد کە ئەو 200 گەنجە گەڕاندوویانەتەوە و گوتی: "هەموو  ئەو پارەی لە ماوەی ئەو 15% لێخۆشبوونە ‏گەڕاوەتەوە، دەكاتە زیاتر لە یەک ملیار دینار ئەوەش پارەیەكی باشە".‏
 
بەڕێوەبەری قەرزی بچووك، لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ‏ئەوەشی خستەڕوو ئێستا سەرقاڵی ئەوەن نووسراوێك بۆ سەرووی خۆیان ‏بكەن بۆ درێژكردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونەکە بۆ كۆتایی ئەمساڵ ، ‏چونكە ماوەكە لە یەکەم رۆژی مانگی داهاتوو كۆتاییدێت.‏
ئارام ئەنوەر دەڵێت ئەگەر ماوەكەش درێژ نەكرێتەوە ‏پێشنیاز دەكەن سزای دواكەوتن تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ ‏هەڵبگیرێت، چونكە وەك ئەو دەڵێت: "تائێستا 623 ملیۆن دینار ‏تەنیا سزای دواكەوتن لەو گەنجانە وەرگیراوە كە لە كاتی خۆیدا ‏قەرزەكانیان نەگەڕاندووەتەوە".‏
 
قەرزی بچووك پڕۆژەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە 8 هەزار‌ و ‏‏136 گەنج سوودیان لێبوەرگرتووە، كۆی ئەو قەرزەی دراوە 76ملیار‌ و ‏‏865 ملیۆن دینار بوو،  لەو پارەیە 43 ملیار ‌و 319 ملیۆن دیناری ‏گەڕاوەتەوە كە دەكاتە 57%ی كۆی قەرزەكان. 
 
لەمانگی حەوتی ئەمساڵ ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ئەو گەنجانەی هەموو قەرزەكە ‏بەیەك گوژمە بگەڕێننەوە، حکومەت لە 15%ی قەرزەکانیان خۆشدەبێت. ئەو ‏لێخۆشبوونەش تاوەكو 1-9-2020ە، ئێستا داوای درێژكردنەوەی ئەو ‏ماوەیە دەكرێت.‏