وەزارەتی دارایی عێراق پەیکەری بانکەکانی رێکدەخاتەوە و بەشێکیان یەکدەخات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی عێراق رەشنووسی رێکخستن و تێکەڵکردن و دووبارە دانانەوەی پەیکەری بانکەکانی حکومەتی عێراق لە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی وردبینی و چاودێری نێودەوڵەتی وەرگرت و بڕیارە لەم ساڵدا گۆڕانکاری لە بەشێک لەو بانکانەدا بکرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، نوێنەرانی کۆمپانیای ئارنست ویۆنگی تایبەت بە وردبینی و چاودێریی نێودەوڵەتی رەشنووسی ئەو پڕۆژەیەیان رادەستی تەیف سامی، وەزیری دارایی کردووە.
 
رەشنووسەکە تایبەتە بە دووبارە رێکخستنەوە و تێکەڵکردنەوە و داڕشتنەوەی پەیکەری بانکەکانی حکومەتی عێراق، لە رەشنووسەکەدا وەکو بڵاوکراوەتەوە پلانی پێشنیازکراو بۆ چۆنێتی هەنگاونان لەو بوارە، چوارچێوەی گرێبەستەکە، دارشتنی کە لەگەڵ لەپێشترێتی چاکسازی و گەشەپێداندا بگونجێت، ئامادە کراوە.
 
تەیف سامی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە کە رۆژی پێنجشەممە، 25ـی تەممووز لە باڵەخانەی وەزارەت بەڕێوەچوو، رایگەیاندووە پێویستە سوود لە ئەزموونی کۆمپانیاکانی رەسەنی جیهانی وەربگرن. هەروەها دەڵێت: "ئامانجی وەزارەت لەو هەنگاوە ئەوەیە بانکەکانی عێراق لە نێودەوڵەتیدا جێی رەزامەندی بن و متمانەی وەبەرهێنەران بە ئابووریی عێراق تۆکمەتر بێت."
 
سەمیر نوسێری، راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەنگاوەکە کاریگەریی لەسەر بانکە تایبەتەکانیش دادەنێت، چونکە رکابەرایەتیی زیاتر بۆ پێشکێشکردنی خزمەتی زیاتر دەبێت، جگە لەوەی بانکەکانی عێراق هێشتا رۆتین و هەندێک رێککاریان تێدا دەگیرێتەبەر پێویستی بە بەرەوپێشچوونی زیاترە."
 
رۆژی سێشەممە، 2-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و سێ بڕیاری لەبارەی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەوە دا، کە راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیای ئارنست و یونگ گرێبەست بۆ دووبارە پەیکەربەندکردنەوەی بانکەکانی رافیدەین و رەشید بکرێت،  کۆمپانیاکە لە ماوەی شەش مانگدا نەخشەڕێگەیەک ئامادە بکات. 
 
هەروەها گرێبەسی راستەوخۆی بانکی پیشەسازی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بۆ لێکۆڵینەوە لە تێکەڵکردنی بانکەکانی "پیشەسازیی، خانووبەرە و کشتوکاڵ" لە یەک بانکدا. بڕیاری سێیەمیش بریتیبوو لە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە تێکەڵکردنی کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانی لەگەڵ کۆمپانیای دڵنیایی عێراقی.