شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان گەیشتنە بەغدا


رووداو دیجیتاڵ

شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ لیژنەیەکى تایبەتى حکومەتى عێراقى لەسەر پرسی مووچە و بودجەى هەرێمى کوردستان کۆببنەوە.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانەوە دەستیکەتووە، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان گەیشتوونەتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ ئەو لیژنەیە کۆببنەوە کە پێشتر حکومەتى عێراقى بۆ تاوتوێکردنى پرسی پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەى گشتیى عێراق، پێکی هێنابوو. 
 
سەبارەت بە ئەندامانی شاندەکە، ئەو سەرچاوەیە گوتی، "لیژنەى دانوستاندنکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان نۆ کەسن و لە ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران و ژمارەیەک بەرپرس و بەڕێوەبەرى گشتیى وەزارەتە پەیوەندارەکان پێکهاتوون".
 
سەردانى ئەو شاندە لەدواى سەردانێکى دیکەیان لە هەفتەى رابردوو بۆ بەغدا دێت، بۆ تاوتوێکردنى پرسی ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیى عێراق.
 
خاڵى ناکۆکى نێوان هەردوو شاندى هەولێر و بەغدا رادەستکردنى داهات و چۆنێتیى هەژمارکردنى و پارەى کۆمپانیاکانى نەوت و چۆنێتیى دانەوەى قەرزى بانکى بازرگانیى عێراقە لەسەر هەرێمى کوردستان، لەگەڵ خەرجکردنى شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت.
 
بەگوێرەى زانیاییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، گفتوگۆى ئەمجارەى شاندى هەولێر و بەغدا لەبارەى ئەو راپۆرتانەوە دەبێت، کە شاندى هەرێمى کوردسان لە 20ـى تەممووز رادەستى لیژنەیەکى حکومەت عێراقیان کردووە، کە تایبەتن بە داهات و خەرجی،  لەوانە تەرازووى پێداچوونەوەى پێنج مانگى یەکەمى ئەمساڵ لەبارەى خەرجى و داهات.