تەنیا 24٪ی پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگای کرماشان دراوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری دانەوێڵە و خزمەتگوزاریی بازرگانیی پارێزگای کرماشان دەڵێت، تاوەکو ئێستا تەنیا 24٪ی پارەی گەنمی جووتیاران دراوە. 
 
عەلی مەلەکشاهی، بەڕێوەبەری دانەوێڵە و خزمەتگوزاریی بازرگانیی پارێزگای کرماشان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ئەو پارێزگایە کڕدراوە، ئەگەرچی هێشتا دروێنەکردنی گەنم کۆتایی نەهاتووە.
 
بەگوتەی عەلی مەلەکشاهی، گەنمی ئەمساڵ 38٪ زیاتر لە پار و پارێزگای کرماشانیش لە بەرهەمهێنانی گەنمدا لە ئاستی ئێران پلەی سێیەمی گرتووە.
 
هاوکات ئیسماعیل زارعی کوشا، پارێزگاری سنە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و داوای لە وەزیری کشتوکاڵی ئێرانیش کرد، پارەی گەنمی جووتیاران خێراتر بدرێت.
 
بەگوتەی ئیسماعیل زارعی کوشا، چاوەڕووان دەکرێ گەنمی ئەو پارێزگایە 900 هەزار تۆن بێت، کە پارەکەی دەکاتە نزیکەی 313 ملیۆن دۆلار. 
 
دروێنەکردن و کۆکردنەوەی گەنمی جووتیارانی پارێزگای ئیلامیش کۆتاییهاتووە و بەگوتەی عەلی رەزایی، بەڕێوەبەری دانەوێڵە و خزمەتگوزاریی بازرگانیی پارێزگای ئیلام، تاوەکو رۆژی 15.06.2023 نزیکەی 90٪ی پارەی گەنمی جووتیارەکان درابوو. 
 
جووتیارەکانی پارێزگای ئیلام ئەمساڵ 307 هەزار تۆن گەنمیان بە حکومەت فرۆشت.
 
ئەمساڵ حکومەت هەر کیلۆیەک گەنم بە 15 هەزار تمەن (650 دیناری عێراقی) لە جووتیاران دەکڕێت. مانگی 4 کە ئەم نرخە دیاریکرا رەخنەی زۆری لێگیرا و ئاماژە بەوە کرا نرخەکە کەمە و دەبێتە هۆی قاچاخی گەنم بۆ وڵاتانی دیکە و جووتیاران کەمتر بە حکومەت دەفرۆشن.
 
نرخی گەنم، ناوەندێک بە ناوی "ئەنجوومەنی نرخدانانی بەرهەمە کشتوکاڵییە سەرەکییەکان" دیاری دەکات. نرخەکەش بەپێی نرخی جیهانیی گەنم، هەڵاوسان لە بازاڕی ئێران و هەڵسەنگاندنی نرخی گەنم لەگەڵ بەرهەمە هاوشێوەکان دیاری دەکرێت.