کۆمپانیای دانەگاز: بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر نەوەستاوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکەی ئێوارەی رۆژی دووشەممە کاری نەکردووەتە سەر کارەکانی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و بەرهەمهێنان بەوهۆیەوە رانەوەستاوە. هەروەها بەڕێوەبەری شارۆچەکەی قادر کەرەمیش دەڵێت: "هیچ هێز یان لیژنەیەکی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە نەهاتوونەتە ناوچەکە."
 
رۆژی سێشەممە، 26ـی تەممووزی 2022، دانەگاز کۆمپانیای وەبەرهێنەری کێڵگەی نەوتی گازی کۆرمۆر کە رۆژی دووشەممە بەچەند مووشەکێک هێرشیکرایە سەر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەوە ئاشکرایکرد: "دەمانەوێت ئەو زانیارییەتان پێبگەیێنین ئێوارەی رۆژی دووشەممە 25ـی تەمموزی 2022، دوو مووشەکی بچووک لە ناوچەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی نەبووە، کارەکانی بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی ئاسایی و بەبێ وەستان بەڕێوەدەچێت." 
 
رۆژی دووشەممە، بۆ جاری چوارەم لە ماوەی نزیکەی مانگێکدا بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ؛ رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ لەبارەی هێرشەکەوە بە رووداوی راگەیاند، هێرشەکە پێش کاژێر 08:00 بووە. 
 
لای خۆشیەوە، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکانیش بە رووداوی راگەیاند: "هێرشەکە بە سێ مووشەک کراوە، مووشەکەکان لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتوونەتەخوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە." 
 
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. 
 
رۆژی سێشەممە 26ـی تەممووزی 2022، سدیق محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادرکەرەم، لەبارەی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانەوە گوتی: "لە دوێنێ ئێوارەوە تاوەکو کاژێر 4ـی بەیانی ئەمڕۆ لە شوێنی رووداوەکە بووین و هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە دەکەن و مووشەکەکان لە جۆری کاتیۆشان، بەڵام زیانی نەبووە، هیچ هێز یان لیژنەیەکی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە نەهاتوونەتە ناوچەکە." باسی لەوەش کرد کە دوای رووداوەکە هێزێکی زۆری پۆلیسی نەوت و گاز و هێزە ئەمنییەکانی دیکە چوونەتە ناوچەکە و لەوێ جێگیرکراون. 
 
دوای هێرشەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنووردانان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە "تیرۆریستیانە." دەشڵێت، "ئامانجی ئەو دەستدرێژییانە کە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراق و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستانە." 
 
رۆژی چوارشەممە، 22-6-2022، بۆ یەکەمجار بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. هەروەها رۆژی هەینی، 24-06-2022، جارێكی دیکە بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. 
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد.