دۆسیەی نەوت لە خۆپیشاندانەكانی بەسرەدا

26-07-2018
بیلال سەعید
نیشانەکردن نەوت خۆپیشاندان بەسرە
A+ A-

نووسینی سەر پۆستەرەكان و وێنەی دەستی خۆپیشاندەر و ناڕازییەكانی پارێزگای بەسرە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا زۆربەیان گوزارشت بوون لە كەمیی كارەبا، نەبوونی ئاوی پاك، بەڵام بەسراییەكان ئەو پرسیارەش دەكەن: لە كاتێكدا نەوتی بەسرە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی عێراقە، ئەی بۆ دەبێ ئێمە بەدەست كەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی كارەوە بناڵێنین؟

ئێستا عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێكە. كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای بەسرە گەورەترین سەرچاوەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقن. بەگوێرەی داتاكانی حكومەت، زیاتر لە 80%ی بودجەی عێراق لە رێگەی هەناردەی نەوتی بەسرەوە دابین دەكرێت، نەوتی بەسرە لە رێگەی دوو بەندەری سەرەكیی بەسرە و خۆرئەلعەمیە هەناردە دەكرێ. 

حكومەتی عێراق چەند رۆژێك پێش خۆپیشاندانەكانی بەسرە، داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراقی لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا ئاشكرا كرد كە بڕەكەی 40 ملیار و 145 ملیۆن و 235 هەزار دۆلار بووە لە كاتێكدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا داهاتی نەوتی عێراق 27 ملیار و 642 ملیۆن و 329 هەزار دۆلار بووە. لەهەمان ماوەدا هەناردەی نەوتیش بەرز بووەتەوە بۆ 625 ملیۆن و 193 هەزار و 749 بەرمیل لەكاتێكدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 592 ملیۆن و 439 هەزار و 163 هەزار بەرمیل بووە.

واتە ئەگەر شیكردنەوەیەكی سادە بۆ هەناردە و داهاتی نەوتی عێراق بكەین، دەگەینە ئەو راستییەی كە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئاستی هەناردەی نەوت، عێراق لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بەراورد بە نیوەی یەكەمی ساڵی ڕابردوو داهاتی زیادی كردووە، بەڵام ئایا ئەم زیادبوونە چی لە ژیانی هاووڵاتیانی عێراق بە گشتی و پارێزگای بەسرە بەتایبەتی گۆڕیوە؟

عێراق كە دووەم گەورەترین هەناردەكاری نەوتە لەناو ئۆپێك لە دوای عەرەبستانی سعودیە، ئەم پلەیەی بەهۆی قەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی پارێزگای بەسڕەوە وەرگرتووە، بۆیە لەگەڵ دەستپێكی خۆپیشاندانەكان چاوی ناوەندەكانی ئابووری و دارایی جیهان لەسەر كێڵگە نەوتییەكانی بەسرە بوو كە ئایا چی لێدێت، بەڵام هەر زوو بەرپرسانی كەرتی نەوتی عێراق رایانگەیاند كە ئێستا لە كێڵگە نەوتییەكانی باشوورەوە رۆژانە 3.56 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەكرێ، خۆپیشاندانیش كاریگەری لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت نەبووە.

بەشێك لە خۆپیشاندەرانی پارێزگای بەسڕە بە نزیكبوونەوە لە كێڵگە نەوتییەكان دەیانویست پەیامی ناڕەزایەتی خۆیان لە ئاستی كاركردنی كۆمپانیا نەوتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق و حكومەتی عێراق بگەیەنن، بەڵام ئایا ناڕەزایەتی بەسراوییەكان لە بەڕێوەبردنی سیكتەری نەوت چییە؟

بە خوێندنەوە بۆ خۆپیشاندانەكانی ئێستا و ساڵانی رابردوو، ناڕەزایەتیی هاووڵاتیان لە سێكتەری نەوت لەم چوارچێوەیەدایە:

1- جێبەجێنەكردنی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی لەلایەن كۆمپانیا نەوتییەكان

2- لە ئەنجامی لێنەپرسینەوە لەلایەن حكومەتەوە، كۆمپانیاكانی نەوت ژینگە و تەندروستییان خستووەتە مەترسییەوە.
3- زیادبوونی بێكاری و راگرتن و وەستاندنی دامەزراندن لە كەرتی نەوتدا.

4- كەڵەكەبوونی بڕە پارەیەكی زۆری ساڵانی رابردووی پترۆدۆلار لای حكومەت و  پاشگەزبوونەوەی حكومەت لە جێبەجێكردنی پترۆدۆلار.

5- دەستوەردانی هێزە سیاسییەكان و كەسایەتییە دیارەكان و بوونی پشك و تەنانەت بەقاچاخبردنی بەشێك لە نەوتی پارێزگای بەسرە.

لەكاتێكدا داواكاری و خواستی پارێزگای بەسرە لە سێكتەری نەوتی پارێزگاكەیان بەڕوونی دیارە، ئایا وەڵامی حكومەتی عێراق لە رۆژانی رابردوودا چی بووە:

- راگەیاندنی رەخساندنی (10) هەزار دەرفەتی كار بۆ دانیشتووانی بەسرە و قەزاو ناحییەكانی كە بەپێی رێژەی دانیشتووان دابەش دەكرێت.

- ناردنی پارەی پترۆدۆلار. 

- وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە كۆمپانیاكانی نەوت كردووە بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی لە ئەستۆ بگرن و پرۆژەكانیان لە بواری تەندروستی و پەروەردە و رێگاوبان و ئاودێری لە ناوچەكە جێبەجێ‌ بكەن.

بەڵام بڕیارەكانی عێراق سەبارەت بە كەرتی نەوت بەهۆی ئەوەی لەكات و قۆناغی جیاواز و لەچوارچێوەیەكی دیاریكراو و بەئامانجی چارەسەری كێشەی بنەڕەتی هاووڵاتیانی پارێزگای بەسڕە دەرچوون، لەگەڵ سێكتەری نەوت یەكناگرێتەوە، بۆ نموونە لە پرسی دامەزراندنی 10 هەزار گەنجی پارێزگاكەدا ئەوەندەی بە ئامانجی رەواندنەوەی ناڕەزایەتییەكانە، ئەوەندە بۆ چارەسەری كێشەی بێكاری نییە، چونكە عێراق بەپێی مەرجەكانی بانكی جیهانی پێویستە بۆ چەند ساڵێك دامەزراندن لە كەرتی گشتی رابگرێ‌ لەبەر ئەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی زۆر زۆرە.

داواكاریش لە كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ جێبەجێكردنی خزمەتگوزاری، هێندەی داواكارییە هێندە لایەنی یاسایی و لێپرسینەوەی نەگرتووە، بۆیە كۆمپانیاكان ناچار نین بچنە ژێر باری جێبەجێكردنی خواستی خەڵك و وەزارەتی نەوتی عێراق.

بۆیە بە تێگەیشتن لەكەرتی نەوتی پارێزگای بەسرە و داواكاریی خۆپیشاندەرانی پارێزگاكە، دەكرێت بڵێین دۆسیەی نەوت بەم رێكارانە رێچكەی ئاسایی خۆی دەگرێ‌:

1- پەلەكردن لە دەركردنی یاسای نەوت و گازی عێراق كە پەیوەندی راستەوخۆی بە تەواوی عێراق و پارێزگا خاوەن نەوتەكانەوە هەیە.

2- كاركردن بۆ دەركردنی یاسای دابەشكردنی داهاتی نەوت لەپێناوی گێڕانەوەی دادپەروەرییەكی تەواو بۆ تەواوی عێراقییەكان، كە بەدڵنیاییەوە ناوچە نەوتییەكان سوودمەندی سەرەكی دەبن لەم بوارە.

3- كردنەوەی بەشەكانی تایبەت بە نەوت لە پەیمانگا و زانكۆكانی بەسرە، چونكە نەوتی بەسرە تاوەكو ئێستاش لەژێر سەرپەرشتی و چاودێریی بیانییەكاندایە و ژمارەیەكی كەم لە كارمەندی خۆماڵی كاری تێدا دەكەن.

3- گێڕانەوەی پارەی قەرزی پترۆدۆلار لەلایەن حكومەتەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە و كاركردن بۆ جێبەجێكردنی یاسای پترۆدۆلار.

4- ناچاركردنی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان و دانانی رێكاری نوێ‌ لەپێناوی جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی لەلایەن كۆمپانیا نەوتییەكان كە خۆی دەبینێتەوە لە ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری خوێندن و تەندروستی و رێگاوبان و ژینگە و هتد.

5-  رووپێوییەكی نوێ بۆ ئەو زەوییانەی لەژێڕ كۆنترۆڵی كۆمپانیا نەوتییەكاندان، قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی زەوییان بەر پرۆژەكانی نەوت دەكەوێ‌.

6- كاركردن بۆ دروستكردنی چەند كارگەیەكی پترۆكیماوی لەپێناو سوودوەرگرتن لە نەوت و سامانی سروشتی پارێزگاكە و رەخساندنی هەلی كارێكی زیاتر بۆ گەنجان و بێكارانی پارێزگاكە.

7- دانانی لیستی ڕەش بۆ ئەوانەی دەستیان هەیە لە دزینی نەوتی پارێزگای بەسڕە و دادگاییكردنی ئەوانەی نەوتی پارێزگاكە بە قاچاخ دەفرۆشن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە