رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق خشتەى بودجەى 2024 واژۆکرد و رۆژی 27ـی حوزەیران رەوانەى رۆژنامەى وەقائعی عێراق دەکرێت بەمەبەستى بڵاوکردنەوەى تاوەکو بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەرى گشتیى پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیى کۆماری عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26ـی حوزەیران) سەرۆککۆمار واژۆى لەسەر خشتەى بودجەى 2024 کرد، کە پێشتر لە لایەن پەرلەمانەوە ئاراستەى کرابوو.
لە 12ـی حویزەران، سەفوان گەرگەرى، ئەمیندارى گشتیى پەرلەمانى عێراق بە نووسراوێک دەقى بڕیارى پەرلەمانى لەبارەى پەسندکردنى خشتەى بودجەى 2024 ئاراستەی سەرۆکایەتیی کۆمار کردووە.
بەڕێوەبەرى گشتیى پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیى کۆمار، گوتی "پێنجشەممە، 27ـی حوزەیران خشتەى بودجە لە سەرۆکایەتیى کۆمارەوە دەنێردرێت بۆ رۆژنامەى وەقائعی عێراقى بەمەبەستى بڵاوکردنەوەى تاوەکو بە فەرمى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە."
رۆژی 3ـی حوزەیران، پەرلەمانى عێراق خشتەى بودجەى پەسند کرد، کە 211 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستانیش لەو ژمارەیە زیاتر لە 20 تریلیۆن دینارە.
لە رووى یاساییەوە بۆ ئەوەى ئەو خشتەیە بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوبکرێتەوە و لە رۆژى دەرچوونیشییەوە کارى پێدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ