نرخی زێڕ دابەزی

26-06-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی زێڕ بۆ ماوەی دوو رۆژە دادەبەزێت و ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا یەک ئۆنسە زێڕ بە 2317 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی سێشەممە نرخی زێڕ لە 2340 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 2324 دۆلار دابەزی.
 
لێدوانەکانی (میشل باومان) و (لیزا کووک) بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر ئەوەی کە بانکەکە ئامادە نییە بەو زووانە رێژەی سوودی بانکی کەمبکاتەوە، گوشاری لەسەر نرخی زێڕ داناوە.
 
هارێش مێنگانی، سەر بە پلاتفۆرمی (ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە پێیوایە، "سەرەڕای لێدوانەکانی بەپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، هێشتا بازرگانانی زێڕ گەشبینن کە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە مانگی 9ی ئەمساڵدا رووبدات".
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، " تەشەنەکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێگرە لە دابەزینی بەرچاوی نرخی زێڕ".
 
کۆتایی ئەم هەفتەیە ئامارەکانی پەیوەست بە گەشەی ئابووری ئەمریکا و نرخەکانی بەکاربەر لەو وڵاتە بڵاودەبنەوە و کاریگەری لەسەر ئاراستەی نرخی زێڕ دادەنێت.
 
هارێش مێنگانی پێیوایە تاوەکو نرخی زێڕ دانەبەزێت بۆ کەمتر لە 2310 دۆلار، کە ئاستێکی هەستیارە بۆ نرخی زێڕ، ئەگەری خۆڕاستکردنەوە و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ئارادیە.
 
هاوکات: نرخی نەوتی برێنت بۆ کەمتر لە 85 دۆلار دابەزی
 
نرخی نەوت رۆژی چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی.
 
نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست، دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا لەسەر زیادبوونی قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا زیاتر لە پێشبینییەکان، هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتە.
 
نرخی نەوتی برێنت 19 سەنت دابەزی و بە 84 دۆلار و 82 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 11 سەنت دابەزی و بە 80 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا سێ ملیۆن بەرمیل کەمبکات، بەڵام بەپێی ئامارەکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی هەفتەی رابردوو 914 هەزار بەرمیل زیادیکردووە.
 
شرۆڤەکارانی بانکی ئۆسترالی نیوزلاندنی لە یاداشتێکدا بۆ بازرگانان رایانگەیاندووە، "کەمبوونەوەی متمانەی بەکاربەر لە ئەمریکا و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار گوشاریان لەسەر نرخەکانی نەوت داناوە".
 
داتا فەرمییەکانی نەوتی ئەمریکا ئەمڕۆ کاژێر 5:30ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر بڵاودەبنەوە و کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دادەنێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە