لە وان دوو ژن لە پرۆژەیەکدا دەبنە بەرهەمهێنەری هەنگوین


رووداو - هەولێر

دوو ژن لە وانی باکووری کوردستان دەستیانداوەتە بەخێوکردنی هەنگ و بەرهەمهێنانی هەنگوین. پرۆژەکە لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە پشتگیریی دەکرێت و ئامانج لێی گەشەپێدانی پسپۆڕی و زیادکردنی شارەزاییە لە پیشە جیاوازەکان، ئایجان و هاوڕێکەی دەڵێن، ئەمساڵ چاوەڕێی قازانجی باش دەکەن.
 
ئایجان گولتەکین، هەنگەوان دەڵێت: "دەرچووی بەشی کشتوکاڵم لە خوێندنگەی باڵای پیشەیی گەڤاشی سەر بە زانکۆی یوزونجویڵ لە وان. بەشداریمان لە پرۆژەی دەستی شارەزا کرد و لە وەزارەتی کشتوکاڵ پەسندکراین. لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا 60 سندووقمان دانا بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین".
 
پرۆژەکە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، ئەمە هەلێکە بۆ ئەو دەرچووانەی شارەزاییان لە بوارەکەی خۆیاندا هەیە، ئەو دوو ژنە دڵخۆشیی خۆیان نیشاندەدەن بەوەی خەریکە دەبنە بازرگان لە بوارەکەی خۆیاندا. بەڕێوەبەرانی پرۆژەکە جگە لەو هاوکارییە ماددییەی کردوویانە، زانیاری و رێنوێنیشیان پێدەدەن.
 
بنیامین هاکان، بەڕێوەبەری پرۆژەکە باسی لەوە کرد: "لە شارەکەمان بە گشتی 32 بەشداربوو لە پرۆژەکەماندا گرێبەستیان واژۆکرد. لەم نێوەندەدا حەوت پرۆژە تایبەتبوون بە بەخێوکردنی هەنگ و بەرهەمهێنانی هەنگوین. پشتیوانیمان پێشکێشی دوو ژن کرد".
 
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری تورکیا، پار بەرهەمی هەنگوین لە باکووری کوردستان و تورکیادا 96 هەزار تۆن بووە. هەر لەو ساڵەدا نزیکەی 90 هەزار شوێنکار بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین کراوەتەوە.