بانکی جیهانی 300 ملیۆن دۆلاری دیکە بە هەژارانی لوبنان دەدات


رووداو دیجیتاڵ

بانکی جیهانی دەڵێت، رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر پێدانی 300 ملیۆن دۆلار بە خێزانە هەژارەکانی لوبنان کە بە دەست خراپترین قەیرانی دارایی و ئابووریی مێژووی وڵاتەکەیانەوە گیرۆدە بوون. 

ئەم پارەدارکردنە لە کاتێکدایە، دوو ساڵ لەمەوبەر، بانکی جیهانی پێدانی قەرزێکی 246 ملیۆن دۆلاری بە لوبنان پەسندکرد بۆ ئەوەی وەک فریاگوزارییەک پارەی کاش بە سەدان هەزار نەداری وڵاتە شەش ملیۆن کەسییەکە بدرێت.
 
بەگوێرەی بانکی جیهانی، ئەوەی لوبنان پێیدا تێدەپەڕێت، خراپترین قەیرانی دارایی و ئابووریی مێژووی نوێی جیهانە. 
 
داڕووخانەکە کە بەهۆی چەندین دەیە لە گەندەڵی و خراپبەڕێوەبردنی وڵات لە لایەن چینی دەسەڵاتدارەوەیە، لە تشرینی یەکەمی 2019 دەستیپێکرد و بووەتە هۆی ئەوەی سێ چارەکی دانیشتووانی لوبنان لە هەژاریدا بژین. 
 
ژان کریستۆف گارێد، بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بانکی جیهانی دەڵێت: "ئەم پارەدارکردنە یارمەتیی حکومەتی لوبنان دەدات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە دابینکردنی پێداویستییە روولەزیادبوونەکانی خێزانە هەژار و مەترسی لەسەرەکان کە بەدەست قەیرانی ئابووری و دارایی تووندەوە دەناڵێنن."
 
بانکی جیهانی دەڵێت، ئەم قەرزە نوێیە وادەکات بۆ ماوەی 24 مانگ، پارەی کاش بە 160 هەزار خێزان بدرێت، لە نێویاندا ئەوانەی کە پێشتر پارەیان وەرگرتووە. 
 
هەر خێزانێک کە مافی وەرگرتنی پارەکەی هەبێت، مانگانە 145 دۆلار وەردەگرێت. 
 
پڕۆژەکە بە هاوبەشی لە لایەن وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی لوبنان و پرۆگرامی خۆراکی جیهانی کە ئاژانسێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، سەرپەرشتی دەکرێت.
 
لە سەرەتای قەیرانە ئابوورییەکەوە، لیرەی لوبنانی زیاتر لە 95٪ی بەهای خۆی لەدەستداوە، سەرەنجام ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی وڵاتەکە، بە یەک ملیۆن پەنابەری سووریاییەوە، کەوتوونەتە دۆخێکی سەخت و پێویستیان بە یارمەتییە. 
 
راگەیێندراوکە دوای ئەوە هات کە ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە راگەیێندراوێکی دیکەدا رۆژی چوارشەممە ئاشکرایان کرد کە بە دۆلار نەک بە لیرەی لوبنانی، دەست بە پارەدان بە خێزانەکان دەکەن، کە 125 دۆلاری مانگانە دەبێت بۆ هەر خێزانێک. 
 
لە دوای داتەپینی بەهای لیرەی لوبنانیەوە، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە لیرە پارەیان بە پەناخوازان دەدا، کە بۆ هەر خێزانێک ئەوپەڕی 8 ملیۆن لیرە بوو، واتە بەم بەهایەی ئێستای دەیکردە 80 دۆلار. 
 
بەرپرسانی UNHCR و WFP لە راگەیێندراوەکەیاندا دەڵێن، "بێبەهابوونی خێرای لیرە، هەڵبەزودابەزی روولەزیادبوونی ئاڵۆگۆڕکردن و ئەو بارگرانییەی لەسەر دابینکردنی بڕی گەورەی کاش بە لیرەی لوبنانی هەیە،" وایکردووە کە روو لە دابەشکردنی دۆلار بکەن. 
 
بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، ئەو گۆڕانکارییەیان بە راوێژ لەگەڵ حکومەتی لوبنانی کردووە، بەڵام هێکتۆر هاجەر، وەزیری کاربەڕێکەری کاروباری کۆمەڵایەتیی لوبنان دەڵێت، بەیرووت دژی ئەوەیە پارە بە دۆلار بە پەناخوازانی سووریی بدرێت. 
 
هێکتۆر هاجەر گوتی، "ئێمە ئەو شتەمان رەتکردووەتەوە، چونکە وا دەکات پەناخوازە سووریاییەکان لە لوبنان بمێننەوە،" هەروەها باسی لەوە کرد، زۆربەی ئەو پەناخوازانە "پەناخوازی ئابووریین و ئەوانە نین لەبەر هۆکاری ئەمنی و سیاسی هەڵاتبن."
 
لە دەستپێکی قەیرانی ئابوورییەوە، هەستی دژایەتیکردنی پەناخوازانی سووری لە لوبنان لە زیادبووندا بووە. هەروەها دوای ئەوەی کە حکومەتی سووریا زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەی لە ژێر دەستی گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی دەرهێنا، ئێستا بەشێکی لوبنانییەکان دەڵێن، سووریا سەلامەتە و پێویستە پەناخوازەکان بگەڕێنەوە. 
 
لەم هەفتانەی دواییدا، سوپای لوبنان هەڵیکوتایە سەر ژمارەیەک شوێنی نیشتەجێبوونی پەناخوازان، ژمارەیەکی دەستگیرکردن و ئەوانەی بەڵگەنامەی یاساییان نەبوو، دیپۆرتیکردنەوە بۆ سووریا.