رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی نیگەرانیی وەبەرهێنەر و مامەڵەکاران لە سێکتەری بانکی ئەمریکا، نرخی بیتکۆین نزیکەی 2000 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتەوە سەروو 29 هەزار دۆلار.
رۆژی چوارشەممە 26-04-2023، نرخی بیتکۆین لە بازاڕەکانی جیهاندا 8% بەرزبووەوە و هەر بیتکۆینێک گەیشتە 29 هەزار و 872 دۆلار، بەوەش تەنیا ئەمڕۆ 1890 دۆلار بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی بەهای بیتکۆین لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی بیتکۆین لە دابەزینی بەردەوامدا بووە، بە جۆرێک لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە 4000 دۆلار دابەزیبوو.
ئەمڕۆ بەهای پشکەکانی "فێرست ریپەبڵیک بانک" کە یەکێکە لە گەورە بانکەکانی ئەمریکا، دابەزینێکی پێوانەیی بە رێژەی نزیکەی 50% تۆمارکرد، ئەوەش دوای ئەوەی سەرمایەی بانکەکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە بڕی 72 ملیار دۆلار دابەزیوە.
مات هۆگەن، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە کۆمپانیای 'بیتوایس'ی تایبەت بە دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت، "ئێستا رەنگە کێشەکان لە فێرست ریپەبڵیک بانک هاوکار بن لە دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی دراوە دیجیتاڵییەکان."
هۆگەن دەشڵێت، نرخی دراوە دیجیتاڵییەکان لە سەروبەندی قەیرانە بانکییەکاندا بەرز دەبنەوە، واش پێدەچێت قەیرانی بانکی هێشتا کۆتایی نەهاتبێت.
جەیمس لاڤیش، هاوبەشی بەڕێوەبردن لە دامەزراوەی 'سندووقی دەرفەتی بیتکۆین' دەڵێت، "بیتکۆین بەردەوام لەنێوان دوو بژارەدا دەخولێتەوە؛ لە لایەکەوە بە کەشتیی رزگارکەری رەها لە سیستمی بانکی ئێستا و لە لایەکی دیکەشەوە بە پێشەنگی سەرمایە مەترسیدارەکان سەیر دەکرێت."
لاڤیش گوتیشی، "لە کاتێکدا فێرست ریپەبڵیک بانک ئێستا لە لێواری داڕماندایە، بیتکۆین بووەتە پەناگەیەکی سەلامەت لە بەرامبەر دانانی پارە لە بانكێکدا کە چارەنووسی نادیارە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ