جووتیاران بۆ لەناوبردنی گژوگیا دەرمانی قڕکەر بەکاردەهێنن

رووداو - رانیە

بۆ لەناوبردنی گژوگیای زیادەی نێو رەزوباخەکان بەشێکی زۆری جوتیاران لەجێی کێلانی زەویەکانیان دەرمانی قڕکەر بە کاردێنن، بەکارهێنانی ئەم دەرمانە بەرهەمی کشتوکاڵی کەم دەکاتەوە.


ساڵح عەبدوڵڵا مامۆستای زانکۆ دەڵێت "دەرمانی قڕکەر کاریگەری لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە و نزیکەی 10% -ی بەرهەمەکان لەنێو دەبات، هەروەها کاریگەری لەسەر ئاو و ژینگەش هەیە"

زۆر بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەر جگە لەوەی کاریگەری خراپی بۆ سەر بەرهەمی رەزوباخەکان هەیە، زیان بە ژینگەش دەگەیێنێت، چونکە بەشێکی زیندەوەرە سوود بەخشەکان لەنێو دەبات.

ساڵح حوسێن بەڕێوەبەری کشتوکاڵی رانیە دەڵێت "پێویستە جوتیاران زۆر دەرمان بەکار نەهێنن، چونکە کاریگەری خراپی هەیە بۆ ژینگە و رەنگە بەدەیان ساڵ وەک خۆی لێ نەیەتەوە، بۆیە پێویستە ئەو دەرمانە بەپێی رێنمایی زانستی بەکاربهێندرێت و دەرمانی قڕکەری تایبەت بەکار بهێندرێت نەوەک گشتگیر"

هەرچەندە جوتیاران دەزانن بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەر زیانی هەیە، بەڵام ئەوان بە هۆکاری جۆراوجۆر ساڵانە زیاد لە جارێک ئەم دەرمانە بەکار دەهێنن.

فەرهاد عەوڵا یەکێک لە جوتیارەکان دەڵێت "ئەم دەرمانە قڕکەری پێدەگوترێت، بە کاری دەهێنین بۆ ئەوەی گژوگیاکان لە نێو بچن، چونکە ئەگەر گژوگیاکان گەورە بن رێگری لە هەواو و ئاو دەکات بۆ درەختەکان".

هەروەها ئەرکان سەلیم یەکێکی دیکە لە جوتیارانی باشووری کوردستان دەڵێت: "کێلان باشترە، چونکە گژوگیاکان لە رەگەوە دەردەهێنێت، بەڵام بەهۆی زۆری خەرجی و کەمی ئامیرەکان ناچارین دەرمانی قڕکەر بەکار بهێنین و بۆ ئێمە ئاسانترە لە کێلان".

بەشێکی زۆری جوتیاران لەکاتی رشاندنی دەرمانی قڕکەر ماسک بەکار ناهێنن، دەگوترێت ئەمەش لە ئایندەدا زیان بە تەندروستیان دەگەیێنێت.

ئەو دەرمانە قڕکەرەی جوتیاران بەکاری دەهێنن، ئاوی ژێر زەویش پیس دەکات، چونکە لەکاتی ئاودانی رەزوباخەکان ئەو دەرمانە بەنێو زەویدا دەچێتە خوارەو و تێکەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبێت.