رووداو دیجیتاڵ
سەپاندنی پێناسی گومرکی بەڕیژەی 25٪ لەسەر ئەو وڵاتانەی نەوتی ڤەنزوێلا هاوردە دەکەن، بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 25 سەنت بەرزبووەوە و بە 73 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 28 سەنت بەرزبووەوە و بە 69 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی دووشەممە، ترەمپ بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی، پێناسی گومرکی بەڕێژەی 25٪ سەپاند بەسەر ئەو وڵاتانەی نەوتی ڤەنزوێلا هاوردە دەکەن.
نەوت گەورەترین هەناردەکاری ڤەنزوێلایە. چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئەو وڵاتەیە کە پێشتر لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە پێناسە گومرکییەکانی لەسەر بەرزکراوەتەوە.
ئیدارەی ترەمپ مۆڵەتی بە کۆمپانیای چێڤرۆن داوە تاوەکو 27 ـی مانگی پێنجی ئەم ساڵ هەموو کارەکانی لە ڤەنزوێلا کۆتایی پێ بهێنێت.
بەپێی شرۆڤەکارانی بانکی ANZ (بانکی ئۆسترالی نیوزلاندی)، وازهێنانی چێڤرۆن لە کێڵگە نەوتییەکانی ڤەنزوێلا دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت.
هۆکارێکی دیکەش کە پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە، بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکایە کە ئاشکرایان کرد هەفتەی رابردوو بەبڕی 4.6 ملیۆن بەرمیل لە یەدەکی نەوتی ئەمریکا کەمبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ