رووداو دیجیتاڵ
گەنەل ئینێرجی دەڵێت، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە 70٪ی کارمەندانی کەمکردووەتەوە و داهاتەکەشی زیاتر لە 316 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە. دەشڵێت، دیار نییە کەی هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە و 107 ملیۆن دۆلار شایستەی داراییشیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
گەنەل ئینێرجی، کۆمپانیای تورکیی بواری وزە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، ئەمڕۆ سێشەممە، 26-3-2024، لە راپۆرتێکدا ئامارە داراییەکان و بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە.
گەنەل دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا داهاتی کۆمپانیاکە 84 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار بووە. بەراورد بە ساڵی 2022، داهاتی گەنەل ئینێرجی لە ساڵی رابردوودا 316 ملیۆن و 200 هەزار دۆلار کەمبووەتەوە. لە ساڵی 2022ـدا داهاتی گەنەل ئینێرجی 401 ملیۆن دۆلار بووە.
گەنەل ئینێرجی دەڵێت، لە کۆتایی کانوونی دووەمی ساڵی 2023ـوە، فرۆشی نێوخۆی نەوت بەردەوامە و، ئێستا ئەو نەوتەی کە بەپێی "گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمهێنان" لە کێڵگەی تاوکێ بەرهەمدەهێنرێت، بەشی خەرجییە رێکخراوەییەکانی دەکات.
لە ساڵی 2023ـدا گەنەل ئینێرجی رۆژانە 12 هەزار و 410 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2022ـدا رۆژانە 30 هەزار و 150 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنابوو.
بەوپێیە، لە ساڵی 2023 بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن گەنەل ئینێرجییەوە رۆژانە 17 هەزار و 740 هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە.
لەم سۆنگەیەوە گەنەل ئینێرجی دەڵێت: "تەنانەت ئەگەر راگرتنی هەناردەی نەوت[ـی هەرێمی کوردستان] تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵیش بەردەوام بێت، هێشتا پارەی کاشی کۆمپانیاکە بۆ کەمتر لە 100 ملیۆن دۆلار دانابەزێت، ئەگەر دەستپێبکاتەوە، ئەو بڕە دەگاتە دووهێندە."
کۆمپانیاکە زیاتر باسی راگرتنی هەناردەی نەوت دەکات و دەڵێت، هەرچەندە گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام هێشتا روون نییە چ کاتێک دەستپێدەکاتەوە.
دەشڵێت، 107 ملیۆن دۆلاریان وەک شایستەی دارایی لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
لەبارەی قەرزەکانیشەوە دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا قەرزەکانی بە بڕی 26 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە و ئێستا 248 ملیۆن دۆلاری ماوە.
کۆمپانیاکە دەڵێت، هێزی کار و تێچووی بەرهەمهێنانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە، لەم نێوەندەدا کارمەندانی بە رێژەی 70٪ کەمکردووەتەوە.
گەنەل ئینێرجی باس لەوەش دەکات لە کێڵگەکانی سەرتا و قەرەداخ چوونەتە دەرەوە و، کاریان لەگەڵ سەرکارە هاوبەشەکەیان کردووە بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەیەکی نوێی داهات لە فرۆشتنی نەوت بە نێوخۆ.
ئەو کۆمپانیایە دەشڵێت، کاتێکی زۆریان تەرخانکردووە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان لە کێڵگەکانی بنەباوی و میران کە گرێبەستەکە جۆری "هاوبەشی لە بەرهەمهێنان"ـە. ئاماژە بەوەشدەکات، بەر لە کۆتا مانگی 2021، لە رێگەی ئەو گرێبەستەوە بە بەهای ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لەو دوو کێڵگەیە کردووە.
وەک کۆمپانیا تورکییەکە دەڵێت، ئەمە بەو واتایە دێت کە ئێستا لە ساڵی 2024ـدا لە دۆخێکی باشدان و ئەنجامە داراییەکانیان پتەو دەمێنێتەوە.
گەنەل ئینێرجی کۆمپانیایەکی تورکیی بواری وزەیە. وەک خۆیشی دەڵێت، لە ساڵی 2002ـدا یەکەمین کۆمپانیا بوون بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، گرێبەست لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ بکەن.
وەک کۆمپانیاکە دەڵێت، تائێستا بە بەهای 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ