سبەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی مووچەی مانگی شوبات دەکات

26-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و تاتوێی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆران بکات، سەرچاوەیەکیش لە ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند کۆبوونەوەکە بە بەشداریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرانی یەکێتیش دەبێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە سبەی (چوارشەممە، 27ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کاژێر 11ـی پێشنیوەڕۆ لە هەولێر کۆببێتەوە.
 
کۆبوونەوەکە بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تایبەت دەبێت بە "دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە بابەتی مووچەی مانگی شوباتی 2024."
 
بابەتەکەش لەلایەن وەزیری دارایی و ئابووری بە راپۆرتێک دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.
 
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت "قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن." بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بدات ئایا لە کۆبوونەوەکە بڕیار دەدرێت وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کە زیاتر لە 50 رۆژە نەدراوە دیاری بکرێت و، مووچە دابەش بکرێت یان نا.
 
بەپێی کارنامەکەی، کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران چوار خاڵی سەرەکی لە خۆ دەگرێت، کە بریتین لە:
 
- دوا پێشهاتەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی شوباتی 2024.
- بابەتی بڕیار و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق تایبەت بە راکێشانی کاش بە دۆلار و دەرکردنی بڕیار بۆ میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و رێنماییانە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانەوە.
-خستنەڕووی کۆنووسی لیژنەی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕگەی سێیەمی مادەی 13ـی یاسای چاکسازی کە تایبەتە بە پابەندکردنی وەزارەتی دارایی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان.
-خستنەڕووی نووسراوی سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 107ـی 21-12-2023 تایبەت بە خانەنشینی لە رۆشنیایی بڕیاری ژمارە 226ـی ئەنجوومەنی وەزیران لە 20ـی ئەیلوولی 2023 کە بە نووسراوی ژمارە 149 لە 14-1-2024ـی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاڕاستەی سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.
 
هەرچەندە زیاتر لە دوو هەفتە دەبێت 608 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی هەرێمی کوردستان نێردراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی و حکومەت دەڵێن بەهۆی ئەوەی بەشی تەواوی مووچە ناکات، دابەشی ناکات و چاوەڕوانی گەیشتنی تەواوی پارەکەن لە بەغداوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە