رێباز حەملان بۆ رووداو: نەوتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک راناگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان کاتییە. دەشڵێت: "نەوتی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک راناگیرێت، چونکە ئەمە پرۆسەیەکی یاساییە و ئەوە دەستپێدەکاتەوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-03-2023، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر بابەتی بودجە رێكکەوتوون، لەسەر بابەتی دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازیش نزیکن لە رێککەوتن و هەنگاوی باش نراوە.
دوێنێ شەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، عێراق هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان و کەرکووکی وەستاندووە، تورکیاش بە عێراقی راگەیاندووە، رێز لە بڕیاری دادگەی فەرەنسا دەگرێت و چیدیکە بێ رەزامەندیی بەغدا رێگە بە هیچ کەشتییەک نادات لە بەندەری جەیهانەوە نەوتی هەرێمی کوردستان باربکات.
رێباز حەملان لەوبارەوە دەڵێت، ماوەی چەندین ساڵە ئەم سکاڵایە هەیە و ئێستا ئاکامەکەی دەرچووە، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بە بابەتێکی کاتی دەزانێت: ''چونکە ئێمە لێکتێگەیشتنی پێشینەمان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیە.''
رێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد، تورکیاش لە بڕیاری دادگەی پاریس زیانێکی زۆر دەکات، لەبەر ئەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە، قازانجێکی زۆری بۆ تورکیا هەیە، کە کرێیەکەی لەسەر هەرێمی کوردستانە.
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی ئەم بڕیارەی دادگەی پاریس، کە دڵەڕاوکێی بۆ خەڵک دروستکردووە، شرۆڤەی ناڕاستی بۆ کراوە و نەوتی هەرێمی کوردستان ''بەهیچ شێوەیەک'' راناگیرێت، ئەمە پڕۆسەیەکی دەستووری و یاساییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای نەوت و گازی خۆی، نەوتی فرۆشتووە کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە.
بەگوتەی رێباز حەملان، شەوی رابردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئۆنلاین لەسەر بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردووە. گوتیشی: ''بێگومان بەشێوەیەک رێککەوتن دەکرێت کە هەم هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو میکانیزمە بێت، هەمیش باس لەوە کراوە سەرۆکوەزیرانی عێراق چۆن میکانیزمێکی یاسایی و دەستووری بۆ بەردەوامیی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە.''
رێباز حەملان گوتی، وردەکارییەکانی گفتوگۆی مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لێوە دەکرێت. دەشڵێت: ''هەر میکانیزمێک بدۆزرێتەوە، بابەتێكی کاتی دەبێت تا ئەو کاتەی یاسای نەوت و گاز دەردەچێت.''
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، "مەسرور بارزانی زۆر بەرپرسانە بەرامبەر بژێویی خەڵکی کوردستان هاتووەتەوە سەر خەت و بابەتی راگیرانی کاتیی هەناردەی نەوت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نابێت."
دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی کە بڕیاری نایاساییبوونی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەرکردووە، لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسایە؛ لە ساڵی 1923 دامەزراوە و 100 دادوەری هەیە و نوێنەرایەتیی 90 وڵات دەکات. دادگەکە چارەسەری کێشە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان دەکات.