جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق: هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

26-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجتاڵ

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا "کاتییە" و ئەمڕۆ یان سبەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بڕیار و رێککەوتنێکی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەستپێدەکاتەوە، تاوەکو رەشنووسی یاسای بودجە پەسند دەکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 26-3-2023، نەهرۆ رەواندزی، جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بۆ دەرەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و یەکێک لە دیارترین ئەو بابەتانەی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت".
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد: "بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ رێککەوتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکرێت بۆ ئەوەی تاوەکو پەسندکردنی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023 لەلایەن پەرلەمانەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بڕیاریشی پێدەردەچێت."
 
ئەو پەرلەمانتارە کە بە جەختکردنەوەی تەواوەوە گوتی: "بەتەواوەتی دڵنیام کە ئەو رێککەوتنە دەکرێت، ئەمڕۆ یان سبەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبڕی پێشوویەوە دەستپێدەکاتەوە"، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد دوای پەسندکردنی رەشنووسی بودجە کار بەو رێککەوتنە دەکرێت، کە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی لەبارەی نەوتەوە کراوە و نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت.
 
شەوی هەینی 24-3-2023، میدیا جیهانییەکان ئاشکرایانکرد، کە حکومەتی تورکیا بڕیاری دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بە عێراق راگەیاندووە و تێیدا گوتویەتی "دادگاکە بە سوودی عێراق بڕیاری داوە" هەروەها گوتوویەتی، "ئەنقەرە بڕیاری داوە چیدیکە بە بێ رەزامەندی و مۆڵەت وەرگرتن لە حکومەتی فیدراڵی عێراق، رێگە بەو کەشتییە نەوتییەکان نەدات لە بەندەری جیهانەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان بەڕێ بکەون".
 
رۆژی شەممە 25-03-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا لەسەر داوای دادگەی پاریس، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بڕیاری دادگەی فەرەنسی لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا. لەم چوارچێوەیەدا، سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار." 
 
پاشان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتەر تویتێکی کرد و نووسی: "لەیەکتێگەیشتنی ئەم دواییەمان لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەکی باشە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەندیدار بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگە. سبەی (یەکشەممە) تیمێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای نیازپاکی، درێژە بە گفتوگۆکانمان بدەین."
 
حەیدەر بەتات، شارەزای وزە لە عێراق کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەرپرس بووە لە وەزارەتی نەوتی عێراق و دوایینیان بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکان و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەنەوتییەکان بووە، لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی پاریسەوە بە رووداوی گوت: "بڕیارەکەی ئەو دادگەیە کە دەریکردووە خەسڵەتی پێوەپابەندبوونی هەیە، چونکە لایەنێکی نێودەوڵەتییە، هیچ پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو لەنێوان عێراق و تورکیایە، ئەگەر تورکیا پێچەوانەی ئەو بڕیارەوە کاربکات سزا دەدرێت، جگە لەوە بڕیارەکەی دادگە دەدرێتە وڵاتانی جیهان و هەر وڵاتێک سەرپێچیی بکات و نەوتی هەرێمی کوردستان سزا دەدرێت". گوتیشی: "بڕیارەکە سێ بڕیارە کە دوویان پێشتر دەرچوون."
 
سەبارەت بە لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگەی پاریسیشەوە لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان و رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق، ئاشکرایکرد" بەدڵنیاییەوە کاریگەریی دەبێت، ئەوەیە دەبێت حکومەتی عێراقیش پابەندی پێدانی بودجەی هەرێمی کوردستان بێت، لەبارەی یاسای نەوت و گازیشەوە ئێستا هەڵوێستی حکومەتی ناوەندیی بەهێزتربووە و کاریگەریی لەسەر دانوستاندنەکان دەبێت.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە