لە ئیستەنبوڵ پێشانگایەک بۆ نمایشکرانی پڕۆژەکانی خانووبەرە کرایەوە

27-03-2016
رەسەن رەمزی
...
...
نیشانەکردن ئیستەنبوڵ
A+ A-

رووداو - ئیستەنبوڵ

بە بەشداری 67 کۆمپانیا لە 7 وڵاتەوە، پێشانگای سیتی سکەیپ کە یەکێکە لە ناسراوترین پێشانگاکانی سێکتەری خانووبەرە، لە شاری ئیستەنبوڵ کرایەوە. تورکیا دوای ئامادەکارییەکی زۆر بۆ یەکەمجارە میوانداری ئەو پێشانگایە دەکات. لەو پێشانگایەدا 13 پڕۆژەی نیشتەجێبوونی مەزنی تورکی نمایشکران و، پڕۆژەكانیش بوونە مایەی سەرنجڕاکێشانی بەشداربووان.

کۆمپانیاکانی بەشداربوو هەوڵدەدەن لەڕێگەی ئەو پێشانگایەوە بە داشکانی 20%  راستەوخۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون بە کڕیاران بفرۆشن. بە قیستی درێژخایەنیش لەڕێگەی بانکەوە  یەكەكانی نیشتەجێبوون بە كڕیاران دەفرۆشرێن.

سێکتەری خانووبەرە لە تورکیا بەردەوامە لە گەشەسەندن، لە ساڵی 2015 ئەو سێکتەرە بەراورد بە ساڵی پێشوو بەڕێژەی 20% گەشەیکردووە. چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی 2016 ئەو سێکتەرە بەڕێژەی 15% گەشە بکات. نرخی خانووبەرەش لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەڕێژەی 44%زیادیکردووە.

بەپێی داتاکان هەڵگرانی رەگەزنامەی عێراقی ماوەی دوو مانگە لەسەرووی کڕیارە بیانییەکان دێن کە لە تورکیا یەکەی نیشتەجێبوون دەکڕن. لەدوای عێراقییەکانیش هەڵگرانی رەگەزنامەی کوێت و سعودیە و ئەفغانستان و رووسیا یەک لەدوای یەک دێن. زۆرترین شاریش لە تورکیا کە یەکەی نیشتەجێبوون بە بیانییان بفرۆشێت، شاری ئیستەنبوڵە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە