حەیان عەبدولغەنی: لەگەڵ تورکیا لەگفتوگۆداین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە دوو رۆژی داهاتوودا

26-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدار بوون و لەگەڵ تورکیاش لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی لە دوو رۆژی داهاتوودا دەستبکرێتەوە بە هەناردەی نەوت.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025) حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیان دا لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، گەیشتووینەتە "لێکتێگەیشتنی گرنگ."
 
حەیان عەبدولغەنی دەڵێت، "گەیشتووینەتە رێککەوتنی هاوبەش بۆ کارپێکردنی بۆرییەکانی بەندەری جەیهانی تورکیا و لەگەڵ لایەنی تورکیش لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی لە دوو رۆژی داهاتوودا هەناردەی نەوت دەستپێبکرێتەوە."
 
لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، کاتێک رایگەیاند، تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە، بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت.
 
رۆژی 18ـی شوباتی 2025، هەموارى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، کە بڕگەیەکی هەموارکراوی تایبەت بوو بە نەوتی هەرێمی کوردستان، لە رۆژنامەى وەقائعیى عێراقى بڵاوکرایەوە و بەوەش بەفەرمى کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
 
هەموارەکەی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە. تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە ماوەی 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 705 هەزار دینارە

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە، لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا ئاستێکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد و ئۆنسەیەکی بۆ 3395 دۆلار بەرزبووەوە کە بەرزترین ئاستیەتی لە مێژووی مامەڵەکانی ناو بازاڕدا. یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە 705 هەزار دینارە.