رووداو دیجیتاڵ
بانکی تی بی ئای عێراقی، راکێشانی پارەی کاشی بە کارتەکانی ڤیزە و ماستەرکارد راگرت. سەرچاوەیەکی باڵاش لە بانکەکە دەڵێت، راگرتنی ئەو کارتانە کاتییە و بۆ هۆکاری گەندەڵی بە دۆلار دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025) بانکی عێراقی بۆ بازرگانی رایگەیاند، "بۆ دوورکەوتنەوە لەو مەترسییانەی لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی ڤیزا و ماستەرکارت دروست دەبن، راکێشانی پارەی کاش بە بەکارهێنانی ئەم کارتانە لە دەرەوەی عێراق راگیراوە."
هاوکات، سەرچاوەیەکی باڵا لە بانکەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راگرتنی کارپێکردنی ئەو دوو کارتە، بۆ هۆکاری گەندەڵی بە دۆلار دەگەڕێتەوە، چونکە کەسانێک بڕێکی زۆر دۆلار زۆر لەو رێگەیەوە لە وڵاتانی دەرەوە رادەکێشن."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "راگرتنەکە کاتی دەبێت و، دوای تازەکردنەوەی زانیاری و داتاکان، کارا دەکرێنەوە."
بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI، لە ساڵی 2003 دامەزراوە و نزیکەی 80٪ـی کارەکانی پارەدارکردنی بازرگانی لە عێراق دەکات.
بانکی TBI لە سەرانسەری عێراق، 25 لقی هەیە.
هەر ئەمڕۆ شاد فیکرەت، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ناوەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ دارایی و بازرگانی بە رووداوی گوت، "بابەتەکە پەیوەندیی بە سپیکردنەوەی دۆلارەوە هەیە لە وڵاتانی دەرەوە، ئەو کارتانە لە دەرەوە بە کرێ دەگیران، لێرە دیناریان دەخستەسەر هەژمارەکە و لە دەرەوە بە دۆلار رایاندەکێشایەوە، دواتر دۆلارەکەیان دەهێنایەوە و لە عێراق بە 150 هەزار دینار دەیانفرۆشتەوە."
شاد فیکرەت دەشڵێت، "ئەو بڕیارەی بانکی TBI بڕیارێکی گرنگ و پێویست بوو بۆ راگرتنی ئەو پشێوییە داراییە."
لە مانگى ئایاری ساڵی رابردووەوە، نزیکەی 200 کۆمپانیا بە تۆمەتی سپیکردنەوە و بەقاچاخبردنی دۆلار لەلایەن بانکى ناوەندییەوە سزادراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ