سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە: ئاستەنگە بازرگانییەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی زەنگی دوو ئیدارەییە

26-02-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
تاهیر عیزەدین، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە
تاهیر عیزەدین، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە دەڵێت، ئاستەنگە بازرگانییەکانی نێوان پارێزگەکانی هەولێر و سلێمانی لە بازگەکان، زەنگی دوو ئیدارەییە و بیانوودانە بە عێراق تاوەکو رێگری لە بەرهەمی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بکات لە بازاڕەکانی عێراق ساخ بکرێنەوە.
 
زیاتر لە 15 رۆژە لە بازگەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی رێگە لە بەشێک لە کاڵای بازرگان و کاسبکاران دەگیرێت بگەیێنرێنە پارێزگاکەی دیکە. بازرگانان باس لەوە دەکەن تووشی زیانی گەورە بوون.
 
تاهیر عیزەدین، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژ، لەبارەی ئاستەنگە بازرگانییەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی بە رووداوی گوت، "رێگریکردن لە بازرگانان جێگەی داخە. دەبێت هەرێمی کوردستان یەک بازاڕ بێت؛ نابێت جیاوازی لەنێوان بازرگانان بکرێت."
 
تاهیر عیزەدین دۆخەکە بە زەنگێکی مەترسیدار بۆ بابەتی دووئیدارەیی ناودەبات و دەڵێت، "زەنگە مەترسیدارەکە ئەوەیە؛ بیانوو دەدەینە دەست عێراق کە نەهێڵن کاڵای هەرێمی کوردستان لە پارێزگەکانی عێراق ساخ بکەینەوە. کاتێک لەنێو خۆماندا بازگە دادەنێین و ناهێڵین کاڵاکان لەنێوان پارێزگەکاندا بگوازرێنەوە، ئەمە پێدانی بیانووە بە عێراق تاوەکو هەمان کار بکات. کاتێک حکومەتی عێراق رێگری دەکات لە چوونی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان، هەرچی خاوەن کێڵگەی پەلەوەرە هاواری لێ هەڵدەستێت."
 
بە بڕوای سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە، رێگریکردن لە کاڵاکان لەنێوان هەولێر و سلێمانی "دووسەرەیە"، بۆیە داوا دەکات "حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەن بڕیار بێت و ئەم بابەتە بەڕێوەببات. ئەمە کارێکی نایاسایی و نانیشتمانییە و دەستخستنە قوڕگ و قووتی خەڵکە، چونکە کاتێک کاڵای بازرگانێک رێگەی لێدەگیرێت، بازرگانەکە تووشی زیان دەبێت. کاتێك پارەی زیادیش لە بازرگان وەرگیرا، ئەویش دەیخاتە سەر کاڵاکە و لە ئەنجامدا نرخی زیاد دەبێت."
 
تاهیر عیزەدین دەڵێت، رێگریکردن لە کاڵاکانی سنووری هەولێر بۆ سنووری سلێمانی "راستە"، بەڵام روونی دەکاتەوە بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە، قسەیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری سلێمانی کردووە و ئەوانیش لە وەڵامدا گوتوویانە "لە سنووری هەولێریش رێگە بە بەشێکی کاڵاکان نادرێت و بگرە بەرهەمی نێوخۆیی ناچێتە سنووری هەولێر. بۆ نموونە، رێگە بە بلۆکی رانیە نادرێت بگەیێنرێتە سنووری هەولێر. کاڵای هاوردەکراویش بە هەمانشێوە. لە بنەڕەتدا هەر کاڵایەک دەهێندرێتە نێو هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە لە باشماخ مەنەفێستی هەبێت، نابێت تاوەکو دەگاتە زاخۆ کەس رێگری لێ بکات، چونکە مەنەفێستی خۆی داوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە؛ کاتێک کاڵاکان لەم سنوورەوە دەهێندرێن، لە دێگەڵە رێگەیان پێنادرێت ببرێنە نێو هەولێر؛ ئەو کاڵایەش لە ئیبراهیم خەلیل هاوردە دەکرێت، رێگەی پێنادرێت داخڵی سنووری سلێمانی بکرێت." 
 
کاڵایەکیش لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە هاوردە دەکرێت، رێگەی گواستنەوەی لەنێوان هەولێر و سلێمانی پێنادرێت.
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە ئاماژە بە کاریگەریی ئەو ئاستەنگە بازرگانییانە دەکات و دەڵێت، "بازاڕمان بە هەولێر و سلێمانییەوە بەستراوەتەوە و ئاستەنگەکان کاریگەرییان لەسەر هەڵەبجەش هەبووە. هەڵەبجە لە سەرەتای کرانەوەیە بەڕووی کارگەکان و سەرمایەگوزاریدا. بۆ نموونە بازرگان هەیە دەیەوێت بە بەهای 50 ملیۆن دۆلار سەرمایە خەرج بکات بۆ ئەوەی کارگەیەکی شیرەمەنی لە هەڵەبجە دروستبکات، بۆ ئەوەی ببێتە گەورەترین کارگەی شیرەمەنی لەم سنوورە و لەسەر ئاستی عێراقدا، کارەکە گەیشتووەتە قۆناخی بەرهەمهێنان، بەڵام بەمجۆرە بڕیارانە هیچ هیوایەکی بۆ ناهێڵنەوە. بە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، بازرگانی پاشەکشە دەکات و هاووڵاتی زەرەرمەندی یەکەمە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە