رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دانەگاز، کە وەبەرهێنەری کێڵگەی گازی کۆرمۆرە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، رایگەیاند، بەهۆی بە ئامانجکردنی کێڵگەکەوە لەلایەن درۆنێکەوە، پڕۆسەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە بەشێوەی کاتی راگیراوە، ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی وەزارەتی کارەبا هێرشەکەی دوێنێ شەو بووە هۆی لەدەستدانی 2800 مێگاوات کارەبا.
کۆمپانیای دانەگاز کە لە چوارچێوەی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆم لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ سەرقاڵی بەرهەمهێنانی گازە، لە راگەیێندراوێکدا باسی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کیڵگەکە دەکات و دەڵێت: "شەوی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، یەکێک لە کۆگاکانی هەڵگرتنی گازی شل لە کێڵگەی کۆرمۆر کرایە ئامانج کە گومان دەکرێت لە رێگەی درۆنێکەوە بووبێت و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
سەبارەت بە کاریگەریی هێرشەکە لەسەر پڕۆسەی بەرهەمهێنان، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە: "بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، پڕۆسەی بەرهەمهێنان بەتەواوەتی راوەستاوە، تیمەکانی بەگەڕخستن لە نزیکترین کاتدا سەرجەم رێکارەکانی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان دەگرنەبەر کە پێشبینی دەکرێت لە وادەیەکی نزیکدا ئەوە بکرێت."
سەرچاوەیەکی باڵای ناوچەکە شەوی رابردوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت نزیک کاژێر 10:45ـی شەوی پێنجشەممە، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەهۆی هێرشەکەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت.
وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا هاوبەشانی كارەبا ئاگادار دەکاتەوە کە كاژێر 10:22 خولەکی شەوی 25-01-2024، لە كێڵگەی گازی كۆرمۆر ئاگرێک کەوتووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: "لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە هەناردەكردنی گاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا هێرشەکە بە مووشەک کراوە یان درۆن، سەرچاوەیەکی باڵا لە سنوورەکە بە رووداوی گوت، هێشتا نازانرێت بە چی کراوە و ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کەسێک بریندار نەبووە و رەوشی کرێکارەکان و ئەو کەسانەی دیکەش لەوێ بوون باشە.
دوای هێرشەکە، ئەمبوڵانس و ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنان لە کێڵگەکەدا دەکەن.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ