(DNO) ی نەرویجی لە باشیك كێڵگەیەكی نەوت و غاز دەدۆزێتەوە

25-11-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نەوت دی ئین ئۆی نەرویجی
A+ A-
رووداو - هەولێر

رۆژی 15ی تشرینی دووەم، كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ئاگادار كردەوە كە لە باشیك بڕێكی زۆر نەوت و غازیان دۆزیوەتەوە. هەرچەندە خەمڵاندنی كێڵگەكە لە قۆناغی بەراییدایە، بەڵام نەوتی ئەو كێڵگەیە كە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان هەڵكەوتووە، دەتوانێ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرز بكاتەوە.
 
كۆمپانیا نەرویجییەكە لە ساڵی 2017 نیوەی پشكەكانی ئیكسۆن مۆبیلی ئەمریكی لەو ناوچەیە هەڵگرتەوە. ئەوكات كۆمپانیا ئەمریكییەكە 64٪ی پشكەكانی ئەو كێڵگەیەی هەبوو. ئێستا كۆمپانیا نەرویجییەكە 32٪ و ئیكسۆن مۆبیل 32٪ و كۆمپانیای وزەی توركیا 16٪ و هەرێمی كوردستان 20٪ی پشكەكانی ئەو كێڵگەیەیان هەیە.
 
كاركردن لە بیرەكانی ئەو ناوچەیە لە 2014 راوەستان، كاتێك چەكدارانی داعش بوونە هەڕەشە لەسەر ناوچەكە. پێش ئەو رووداوانە، ئیكسۆن مۆبیل و كۆمپانیای وزەی توركیا مەزندەیان كردبوو لەو ناوچەیە 580 ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە. بەڵام كۆمپانیا نەرویجییەكە لە راگەیەندراوەكەی 15ی تشرینی دووەمی خۆیدا ئاماژە بۆ بڕی نەوتی ئەو كێڵگەیە ناكات.
 
كۆمپانیای (DNO) لە ساڵی 1971 دامەزراوە و فۆكەسی كارەكانی لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقایە، بەڵام لە ژمارەیەك پڕۆژەی گەڕان و پەرەپێدان و و بەرهەمهێنانی سەرچاوەكانی وزە لە نەرویج، بەریتانیا، هۆڵەندا، ئێرلەندا و یەمەنیش وەبەرهێنانی هەیە. ئەو كۆمپانیایە لە 2004 ـەوە هاتووەتە كوردستان و لە نێو یەكەمین كۆمپانیا بیانییەكاندا بوو كە هەوڵی پەرەپێدانی كەرتی نەوتی كوردستانی داوە.
 
كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل لە 2011 لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوت لەسەر كاركردن لە كێڵگەی باشیك، رێككەوتنەكە مشتومڕێكی زۆری لێكەوتەوە، لەبەر ئەوەی ناوچەی باشیك دەكەوێتە پارێزگای نەینەوا و بەشێكە لەو ناوچانەی كە دەبێ چارەنووسیان لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عێراقدا یەكلایی بكرێتەوە. ئەوكات حكومەتی بەغدا داوای لە كۆمپانیا ئەمریكییەكە كردبوو لە نێوان رێككەوتنەكەی لەگەڵ هەولێر و كێڵگەی قوڕنەی یەك لە باشووری عێراق یەكێكیان هەڵبژێرێ.
 
كێشەی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەتا ئێستاش بەردەوامە، بەشێكی سەرەكی لە كێشەكە پەیوەندی بە مافی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاركردن لە كێڵگەكانی ناو هەرێمی كوردستان و چۆنێتی دابەشكردنی داهاتەكەی لەگەڵ بەغدا هەیە. دوایین چارەسەر كە ئێستا بەغدا و هەولێر تاوتوێی دەكەن، ئەوەیە هەولێر مانگانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا بدات و حكومەتی فیدراڵیش لە بەرامبەردا بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرێ.
 
ئیكسۆن مۆبیل دواتر كۆمپانیای وزەی توركیا  (TEC)ی هێنایە ناو پڕۆژەكەی باشیك. توركیا لە 2015 و بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی بەغدا بنكەیەكی سەربازی لە باشیك دانا. ئەو ناوچەیەی كاری گەڕانی تێدا كراوە 60 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای هەولێر و 20 كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی مووسڵەوە دوورە.
 
هەتا ئێستا دیار نییە ئەو كێڵگانە لەڕووی داراییەوە چەندە قازانجیان هەیە، بەڵام گۆڤاری (میس) بۆ كاروباری نەوت و غاز پێیوایە هەر هەوڵێك بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لەو ناوچەیە ململانێیەكی سیاسی لە نێوان بەغدا و هەولێر هەڵدەگیرسێنێ، هەرچەندە وجوودی ئیكسۆن مۆبیلی ئەمریكی دەتوانێ ئاگری ململانێكان كزتر بكاتەوە.
 
كۆمپانیا نەرویجییەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە لەو ناوچەیە "رێژەیەكی گۆڕاو لە نەوتی سووك و غازی ترش دەرچووە". ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە تاقیكردنەوەكان لە ناوچەیە بەردەوامن و لە داهاتوودا هەنگاوەكانی دواتر و خەمڵاندنی نوێ لەبارەی رێژەی قازانجی دارایی ئەو كێڵگانە دەخرێنەڕوو. 
 
بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، لێدانی بیری باشیك-2 لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێكردووە و قووڵایی بیرەكە 3204 مەترە.
راپۆرتەكەی (میس) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە (DNO) بە چاوێكی ئەرێنییەوە لە قازانجی كێڵگەكەی باشیك دەڕوانێ، لە كاتێكدا ئەو كۆمپانیایە لە هاوینی 2018 وە پلانێكی گەورەی بۆ ئەو كێڵگەیە ئامادە كردووە كە پرۆگرامێك بۆ گەڕانێكی بەرفراوان لە سێ كێڵگەی نەوتی لەخۆدەگرێ.
 
بارانی زۆری سەرەتای ئەمساڵ تاقیكردنەوەی كێڵگەی باشیك-1ی بۆ ناوەڕاستی 2019 دواخست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە کەرکووک، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ ئەورووپا چاوەڕێی رێککەوتنی عێراق و تورکیایە

عێراق تاقیکردنەوەکانی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهانی تەواو کردووە و هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی ئەو بۆرییەوە تەنیا رێککەوتنی عێراق و تورکیای ماوە، بەپێی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق؛ چاوەڕوان دەکرێت لە کەمتر لە سێ مانگی داهاتوودا نەوتی پێدا هەناردە بکرێت.