رووداو – هەولێر
ئەندامێکى لیژنەى دەستپاکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند: هەیسەم جبوورى، راوێژکارى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق راپێچى دادگە کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەى دۆسیەی دزینى 2.5 ملیار دۆلارەکە.
رۆژی 25ى تشرینى یەکەمى 2022، عەبدولڕەحیم شممەرى، ئەندامى لیژنەى دەستپاکى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەمڕۆ هەیسەم جبوورى، راوێژکارى سەرۆکوەرانى عێراق چووەتە بەردەم دادگەى لێکۆڵینەوەى کەرخ لە بەغدا بەمەبەستى وەرگرتنى گوتە و لێکۆڵینەوە لەبارەى دۆسێى دزینى 2.5 ملیار دۆلارەکەى دەستەى گشتیی باج لە بانکى رافیدەین.
هەیسەم جبوورى راوێژکارى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراقە بۆ کاروبارى دارایی و ئابوورى، لە خولى پێشووى پەرلەماندا سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بووە.
عەبدولڕەحیم شممەرى گوتى: "بانگهێشتکردنى هەیسەم جبوورى وەک ئەوە بووە کە پێشتر سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بووە و لەو لیژنەیەوە پێشنیازێک نێردراوە بۆ دەستەى گشتیى باج لەبارەى رادەستکردنەوەى سپاردەى دارایی کۆمپانیاکان لە دەستەى گشتیى باج."
2.5 ملیار دۆلار لە هەژمارى سپاردەى دارایی دەستەى گشتى باجى عێراق لە بانکى رافیدەین لە بەغدا دراوەتە پێنج کۆمپانیا بەبێ ئەوەى پارەیان لەو هەژمارە دانابێت.
بەگوێرەى لێکۆڵینەوە بەراییەکان سەرەتایی کێشەکە لە 13ى تەممووزى 2021 دەستیپێکردووە، کاتێک پێشنیازێک لە لیژنەى دارایی خولى پێشووى پەرلەمانى عێراقەوە ئاڕاستەى دەستەى گشتیى باجى عێراق کرا و تێیدا پێشنیازى کرابوو، چیدیکە دیوانى چاودێریى دارایی وردبینى لە گەڕاندنەوەى سپاردەى دارایی کۆمپانیاکان نەکات، کە لاى ئەو دەستەیەن.
رۆژی 19ى تشرینى یەکەمى 2022، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى لێکۆڵینەوەى دووى کەرخ لە بەغدا بڕیاری داوە ئەندامێکى خولى پێشووى پەرلەمانى عێراق، کە لە لیژنەی دارایی بووە، راپێچى دادگە بکات، بەتۆمەتى زیانگەیاندنى بەمەبەست بە پارەى گشتى، بەهۆى ئەوەى راسپاردەیەکى دەرکردووە بۆ خەرجکردنى سپاردەى دارایی باجى کۆمپانیاکان بەر لە وردبینیکردنیان لەلایەن لایەنى پەیوەندیدارەوە.
عەبدولڕەحیم شمەرى ئاشکرایکرد کە راپێچکردنى هەیسەم جبوورى بۆ بەردەم دادگە لەسەر بنەماى ئەو بڕیارەى دادگە بووە.
ئەوە لەکاتێکدایە 24ى تشرینى یەکەمى 2022، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند: نوور زوهێر جاسم، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى موبدیعوون بۆ خزمەتگوزارى نەوتى سنووردار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستگیرکراوە، لەو کاتەی هەوڵیداوە لە رێگەی فڕۆکەیەکی تایبەتەوە بچێتە دەرەوەی وڵات کە کۆمپانیاکەى یەکێکە لەو پێنج کۆمپانیایەى 433 ملیار و 150 ملیۆن دینارى لە بانکى رافیدەین بردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ