بازرگانێک: هەفتەی داهاتوو نرخی زێڕ دادەبەزێت

دوێنێ کاژێر 04:52
رێناس ساڵح
زێڕ
زێڕ
نیشانەکردن نرخی زێڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بازرگانێکی زێڕ پێشبینی دەکات هەفتەی داهاتوو نرخی زێڕ بەشێوەی کاتی دابەزێت، ئەم هەفتەیەش نرخەکەی بە بەرزی دەمێنێتەوە. دەشڵێت، "بۆ ئەوەی قازانج بکەن، لیرە بكڕن، چونکە هەقدەستی کەمە."
 
هەژار قادر، بازرگانی زێڕ لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەم هەفتەیەش نرخی زێڕ ناجێگیر دەبێت و بە بەرزی دەمێنێتەوە، بەڵام بۆ هەفتەی ئایندە پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ دابەزێت و نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بگاتە 520 هەزار دینار، بەڵام ئەوە کاتی دەبێت.
 
یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ژمارەیەکی نوێی پێوانەیی تۆمار کرد و تاوەکو نزیکەی 2670 دۆلار بەرزبووەوە. لە ماوەی ساڵێکدا نرخی زێڕ بۆ هەر ئۆنسەیەک نزیکەی 800 دۆلار بەرزبووەتەوە. خواستی زۆر لەسەر کڕینی زێڕ لەلایەن بانکەکان و سەرمایەداران، دابەزاندنی رێژەی سوودی بانکی، قەیرانە سیاسییەکان، لاوازی پێنوێنیی دۆلار هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
 
بازرگانانی زێڕ ئەم هەفتەیە چاویان لە ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان و نرخەکانی بەکاربەرە لە ئەمریکا، کە بڕیارە رۆژی هەینی بڵاوببێتەوە.
 
هەژار قادر، بازرگانی زێڕ، میوانی بووڵتەنی ئابووری بوو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکەشی دەکات، ئاماژەی بەوەکرد، "نرخی زێڕ لە کۆنترۆڵی بازرگانان نەماوە، دیاریکردنی نرخەکەی کەوتووەتە دەست بانکەکان، بازاڕی فۆرێکسیش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە."
 
ئەو بازرگانە گوتیشی، "فرۆشتنی زێڕ لەوێ [بازاڕی فۆڕێکس] بە فیزیکی نییە تەنیا لەسەر شاشەیە یاریی بە نرخەکان دەکرێت تێیدا تەنیا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوو هەشت تۆن زێڕ لەو بازاڕە فرۆشراوە بەبێ ئەوەی یەک کیلۆ زێڕ هەبێت."
 
ئەم جۆرە مامەڵەیە بە زێڕ کاریگەری لەسەر بازاڕی وردەفرۆشی زێڕیش هەبووە. هەژار قادر دەڵێت، نزیکەی 80%ی زێڕەنگەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق زەرەرمەند بوون، چونکە نرخەکان هێندە بە خێرایی دەگۆڕێت زێڕەنگەرەکان فریایی کڕین بە نرخی گونجاو ناکەون.
 
هەژار قادر، دەڵێت: "ئێستا کاتی کڕینی زێڕ نییە، هەفتەی داهاتوو کە نرخەکەی دابەزی بەشێوەی کاتی دەتوانرێت زێڕ بکڕدرێت، ئەوانەی دەیانەوێت زێڕ بکڕن و وەبەرهێنانی پێوەبکەن باشترە لیرە بكڕن، کە حەقدەستی کەمە و ئێستا لە نێوخۆ چەند کارگەیەک هەن لیرە بە کوالێتیی زۆرباش بەرهەمدەهێنن."
 
ئەم ساڵ 35 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە
 
پێش نزیکەی دوو ساڵ هەرێمی کوردستان ناوەندی کڕینی زێڕ بوو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، بەڵام ئێستا تەنیا زێڕ هاوردە دەکرێت. ئەم ساڵ 35 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە هەژار قادر، دەڵێت: "95%ـی ئەو زێڕەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت دەچێتە شارەکانی عێراق."
 
زێڕ لە تورکیا و ئیمارات و ئیتاڵیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، هاوردەکردنی هەر کیلۆیەک زێڕ  نزیکەی 1000 دۆلار باج و رسوماتی گومرگی تێدەچێت.
 
هەرچەندە بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەفتەی رابردوو سوودی بانکیی 0.5% کەمکردەوە، بەڵام بازرگانان پێیانوایە ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی 0.5%ی دیکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 لە ئارادایە. کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بەو پێیەی لە بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا کەمدەکاتەوە، پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ لە مامناوەند و درێژخایەندا دروستدەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

سێ کێشە لەبەردەم ناردنی تەواوی مووچەی مانگی هەشتن

بۆ مووچەی مانگی هەشت، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی 243 ملیار دینار دەکات بۆ ئەوەی ئەو کورتهێنانەی هەیە پڕی بکاتەوە. رووداو زانیویەتی ناردنی ئەو بەشە پارەیەی ماوە بۆ تەواوکردنی مووچە، سێ کێشەی بۆ دروستبووە.