نرخی زێڕ بەرزبووەوە و بەهای دیناریش لە دابەزین بەردەوامە

 
رووداو دیجیتاڵ

100 دۆلار لە 151 هەزار دینار نزیک دەبێتەوە. هەر مسقاڵێک زێڕیش نزیکەی پێنج هەزار دیناری دیکە بەرزبووەوە.
 
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 150 هەزار و 750 دینارە.
 
هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار بە 150 هەزار و 800 دینارە.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە سلێمانی بە رووداوی گوت، دابەزینی بەهای دینار بەهۆی خواستی زۆرە لە سەر دۆلار؛ گوتیشی، "ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دۆخی لوبنانیش لە هۆکارەکانن."
 
بەهای زێڕ بەرز بووەوە
 
بەهای زێڕیش لە بەرزبوونەتەوە بەردەوامە. هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 580 هەزار دینارە، لەکاتێکدا دوێنێ 570 هەزار بوو.
 
زێڕی عەیار 22 زیاتر بەرزبووەتەوە، دوێنێ مسقاڵی 595 هەزار دینار بوو، ئەمڕۆ 607 هەزارە.
 
هەروەها زێڕی عەیار 24 دوێنێ 650 هەزار دینار بوو، ئەمڕۆ مسقاڵی 662 هەزار دینارە؛ عەیار 18ش ئەمڕۆ مسقاڵێکی 497 هەزارە، لەکاتێکدا دوێنی 490 هەزار دینار بوو.