بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە؛ 100 دۆلار بە کەمتر لە 154 هەزار دینارە

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لەکاتی داخستنی بازاڕدا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە کەمتر لە 154 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی دووشەممە، 25-9-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێر، 100 دۆلار بە 154 هەزار و 350 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 153 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
حاجی سابیر دەڵێت، لە کاتی کردنەوەی بازاردا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە دابەزین بوو؛ 100 دۆلار گەیشتە 154 هەزار و 800 دیناریش، بەڵام دوای راگەیاندنی خستنەڕووی نەختینە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە، بەهای دینار بەرزبووەوە.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەشڵێت، پێش ئاشکراکردنی بڕی خستنەڕووی نەختینە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، خەڵک ترسی هەبوو دۆلاری کەم بەشێوەی نەختینە بخرێتەڕوو، چونکە دوێنێ بانکی ناوەندی تەنیا شەش ملیۆن و 950 هەزار دۆلاری بە شێوەی نەختینە خستبووەڕوو.
 
بە بڕوای حاجی سابیر، ئێستاش ئەگەر هەیە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزێت، بەڵام زیاتر رووی لە بەرزبوونەوەیە و ئەگەر هیچ شتێکی لەناکاو روونەدات، رەنگە قۆناخ بە قۆناخ بەهای 100 دۆلار بگاتە 151 هەزار دینار.
 
ئەو ئەندامە باسی لەوەشکرد، ئەگەر سبەی بانکی ناوەندیی عێراق خستنەڕووی نەختینەی دۆلار زیادبکات و 30 بۆ 40 ملیۆن دۆلار بخاتەڕوو، رەنگە بەهای دینار زیاتر بەرزببێتەوە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 198 ملیۆن و 598 هەزار و 869 دۆلاری خستەڕوو؛ کە 20 ملیۆن و 10 هەزار دۆلاری بە نەختینە و 178 ملیۆن و 588 هەزار و 896 دۆلاریشی بەشێوەی حەواڵە بوو.
 
هاوکات، جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، 100 دۆلار بە 154 هەزار و 400 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 153 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
جەبار گۆران دەڵێت، هاوشێوەی هەولێر، لە سلێمانیش بەهۆی ترس و نیگەرانی لە کەمخستنەڕووی دۆلاری نەختینەوە بەهای دینار لە دابەزیندا بوو و 100 دۆلار گەیشتە 154 هەزار و 800 دینار، بەڵام دوای راگەیاندنەکەی بانکی ناوەندیی عێراق، بەهای دینار بەرزبووەوە.
 
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە جیا لە زیادکردنی فرۆشی نەختینەی دۆلار، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بۆ کاریگەریی هەواڵەکان دەگێڕێتەوە و دەڵێت، دوای سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا، دۆخەکە ئارام بووەتەوە و "دۆلار زۆر بەهێز نییە".
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر دۆلار جێگیر بکات.