بازرگانیی عێراق: چاوەڕێی وەزارەتی دارایین بۆ خەرجکردنی شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، بۆ خەرجکردنی شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن. 
 
تاوەکو ئێستا تەنیا 74 ملیار و 500 ملیۆن دینار وەک شایستەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نێردراوە و نزیکەی 500 ملیاری دیکە ماوە خەرج بکرێت. 
 
حەیدەر نووری گەڕعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 25-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەین پارەمان بۆ خەرج بکات بۆ ئەوەی ئێمەش دەست بە خەرجکردنی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکەین."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، تەنیا پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نییە کە خەرج نەکراوە، بەڵکو شایستەی جووتیارانی پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و سەلاحەدینیش خەرج نەکراوە. 
 
هۆکارەکەی بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەیە کە "ئەو پارێزگایانە و هەرێمی کوردستان دوایین شوێن بوون گەنمیان رادەست کردووە، بۆیە خەرجکردنی شایستەیان دواکەوتووە." 
 
بە گوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆنە. ئەم ساڵ بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق نزیکەی 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.