رووداو - هەولێر
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر سەردار بیبانی، سەرۆکی کۆمپانیای تۆیۆتا - عێراق و کۆمپانیای سەردار گرووپی خەڵات کرد. خەڵاتێک بۆ رێزگرتن لە هاوکارییە بازرگانی، کولتووری و مرۆییەکانی تۆیۆتا لەڕێگەی تۆیۆتا - عێراقەوە.
سەردار بیبانی، سەرۆکی کۆمپانیای تۆیۆتا عێراق بە رووداوی گوت، "ئێمە نامەی خۆمان گەیاند، ئەوەی کە تۆیۆتا بزانێت کە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان توانای ئەوەیان هەیە کە هاوبەشێکی باش بن بۆ ئەوان و ئێمە دەتوانین پرۆژەی گەورە جێبەجێ بکەین."
چیا عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە تۆیۆتا - عێراق دەڵێت، "کارمان کردووە بۆئەوەی بە ئۆتۆمبێل هایبرێد خزمەتی ژینگەی کوردستان بکەین، بەڵام بەداخەوە زۆر سەرکەوتوو نەبووین، چونکە یاسای هێنانی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی کوردستان یاسایەکی جێبەجێ ناکرێت و هەموو کەس هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک دەهێننە هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە ئۆتۆمبێلی بێ کوالێتی و لێدراو بێنە کوردستان و ئێمە نەتوانین بەباشی بەرهەمەکانمان بخەینە بازاڕەوە."
ئامانج ئەمجەد بەڕێوەبەری یاسایی و سەرچاوە مرۆییەکان لە تۆیۆتا - عێراق باسی لەوە کرد، ئەوان کاریان وەک تۆیۆتا - عێراق فرۆشتنی ئۆتۆمبێل نییە، بەڵکو کاریان توێژینەوە و راهێنانە لەسەر لایەنە جیاجیاکانی ئەو پیشەسازییە گرنگە و بەو شێوەیە خزمەتی ژینگە، ئابووری و کۆمەڵگەی کوردستان و عێراق دەکەن، گوتیشی، "هەموو بەکاربەرێک مافی خۆی هەیە بۆئەوەی باشترین بەرهەمی بگاتە دەست و هەوڵدەدەین ئەو مافە بۆ بەکاربەر بگەڕێنینەوە."
گەشەسەندن بەردەوامیی ناوەرۆکی هەموو ئەو چوارچێوەیە کە تۆیۆتا - عێراق لەسەر رێڕەوی مێژوویی تۆیۆتا و فەلسەفەی جیهانی ئەو براندە پێیدا دەڕوات؛ هەرێمی کوردستان و عێراق وەکو ناوچەیەکی گرنگی جیۆپیشەیی سەیر دەکەن بۆ خزمەتی وزە، پیشەسازیی و سەرچاوەی مرۆییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ