یەک دۆلار بە زیاتر لە 33 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهای لیرە دابەزی و ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد. یەک دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە 33 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 24ـی تەممووزی 2024، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 32.89 لیرە مامەڵەی پێوە کرا. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیران، بەهای لیرەی تورکی زیاتر دابەزی و لە بازاڕی ئازادی ئیستەنبووڵ یەک دۆلار بە 33.06 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرێت. لە هەمانکاتدا  یەک یۆرۆ بەرامبەرە بە 35.95 لیرە. 
 
بانکی وەبەرهێنانی ئەمریکی مۆرگان ستانلی، هەفتەی رابردوو پێشبینییەکانی بۆ دۆلار و لیرەی تورکی راگەیاند و پێشبینی کرد تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2025، بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بگاتە 39 لیرەی تورکی.
 
بانکی ناوەندیی تورکیاش لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا پێشبینییەکانی بۆ بەهای دۆلار بۆ یەک ساڵ راگەیاند. بەپێی پێشبینییەکانی بانکەکە لە ماوەی ساڵێکدا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی دەبێتە 41.41 لیرە.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی دابەزینی لیرەی تورکی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان، جێگیرکردنی سووی بانکییە لەلایەن بانکی ناوەندیی تورکیا کە بۆ جاری چوارەم لە ئاستی 50٪ هێشتییەوە. 
 
نزیکەی 10 مانگە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی قۆناخ بە قۆناخی هەڵاوسانی ئابووری وڵات و جێگیرکردنی سوودی بانکییەوە، لە دابەزیندایە. لیرەی تورکی لە 10 مانگی رابردوودا نزیکەی 11.8٪ی بەهای خۆی لەدەستداوە. 
 
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاری 2023دا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە.