رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 50 رۆژ لە پەسندکردنی خشتەکانی بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە، هێشتا رێنوێنییەکانی جێبەجێکردنی بودجەکە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەرنەکراوە، هۆکاری کێشەکەش جیاوازیی کۆپییەکانی خشتەکان و قەبارەی بودجە و سکاڵاکانە لە دادگەی فیدراڵی.
ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 52 رۆژ بەسەر پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە تێدەپەڕێت. بەپێی یاسا دەبێت بە سێ قۆناخدا تێپەڕێت (واژۆکردنی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، دەرکردنی رێنمایی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام لەو سێ رێککارە تەنیا یەک هەنگاوە نراوە، دوو رێککاری دیکە جێبەجێ نەکراون.
رۆژی 26ـی مانگی رابردوو، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار واژۆی لەسەر خشتەکانی بودجە کرد.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێویستە بە زووترین کات هەنگاوەکانی دیکەی جێبەجێکردنی بودجە بنرێن، بەڵام کێشەیەک هەیە ئەویش جیاوازیی ژمارەکانی ئەو خشتانەیە کە حکومەت ناردوویەتی و ئەوەیە کە پەرلەمان بۆ حکومەتی ناردووەتەوە، جیاوازیی پارەکەش نزیکەی 15 تریلیۆن دینارە، رەنگە ئەمە هۆکارێکی سەرەکیی دواکەوتنەوکە بێت."
جگە لەو هۆکارە، لە دادگەی فیدراڵی تانە لە بڕیاری پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق دراوە، کە بڕیاری ژمارە 64ـە و رۆژی 3ـی مانگی رابردوو لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە.
موزهیر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، "دەرکردنی رێنوێنییەکانی جێبەجێکردنی خشتەکانی بودجە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دواکەتووە، بەڵام پێشبینی دەکەم بەم نزیکانە دەربچێت، پێشتر رێنوێنی بودجەی ساڵی رابردوو دەرچوو، بۆیە رەنگە ژمارەیەک رێنوێنیی کەم بۆ جێبەجێکردنی لایەنەکانی خەرجیی بەکارخستن و وەبەرهێنان پێویست بێت."
ئەو هۆکاری دیکەی بە پاساوی دواکەوتنەکە هێنایەوە و گوتی، "عێراق بۆ یەکەم جارە لە مێژووی خۆیدا بە ئەزموونی بودجەی سێ ساڵیدا تێدەپەڕێت، بۆیە ئەم ساڵیش بە ئەزموونی خشتەکانی بودجە تێدەپەڕێت کە ئەمەشیان ئەزموونێکی نوێیە، بۆیە رەنگە ئەمە هۆکارێکی دیکە بێت."
بەپێی مادەی 78ـی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2024، پێویستە وەزیری دارایی و پلاندانانی عێراق رێنوێنیی پێویست بۆ ئاسانکردنی جێبەجێکردنی بودجە لە دوای پەسندکردنی لە پەرلەمان دەربکەن.
پێشتر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە پەرلەمان کردبوو هۆکاری بوونی سێ کۆپیی جیاوازیی خشتەکانی بودجەیان بۆ روونبکەنەوە، ئەوەشی گوتبوو کە ئەو خشتانە ئەوە نییە کە حکومەت بۆ پەرلەمانی ناردبوو. پەرلەمانی عێراق وەڵامی سوودانی دایەوە و رایگەیاند، دەستکاریی خشتەکانی بودجە نەکراوە.
بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024، تەنیا خشتەکانی نێردرایە پەرلەمان، بەو پێیە بودجەی سێ ساڵییە "2023، 224 و 2025." قەبارەی خەرجییەکانی بودجە 211 تریلیۆن و 900 ملیار دینار و داهاتەکانیش 147 تریلیۆن و 800 ملیار دینارە، کورتهێنان 64 تریلیۆن دینار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ