داهاتی کۆمپانیای ئەلفابێت بە رێژەی 14٪ بەرزبووەتەوە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای ئەلفابێت راپۆرتی دارایی چارەگی دووەمی خۆی راگەیاند؛ داهات و قازانجەکەی، لە ئاستی پێشبینیی بازرگان و ناوەندە داراییەکان بوو.
 
داهاتی کۆمپانیای ئەلفابێت لە چارەگی دووەمی ئەم ساڵدا لە کۆی پلاتفۆرم و خزمەتگوزارییەکانی دیکەدا 84.74 ملیار دۆلار بووە.
 
پێشبینی کرابوو ئەو ژمارەیە 84.19 ملیار دۆلار بێت، واتا داهاتەکانی کۆمپانیاکە لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا بوو. بەو جۆرەش داهاتی کۆمپانیاکە لە چارەگی دووەمی ئەم ساڵدا بە رێژەی 14٪ زیاتر بووە لە داهاتی چارەگی دووەمی ساڵی رابردوو.
 
داهاتی کۆمپانیاکە لە ڕێگەی ریکلامی یوتیووب 8.66 ملیار دۆلار بووە؛ کە کەمتر بووە لە ئاستی چاوەڕوانییەکان. هۆکارەکەش ئەوەیە پلاتفۆرمی یوتیووب رووبەڕووی رکابەری تووندی پلاتفۆرمەکانی وەک تیکتۆک بووەتەوە.
 
داهاتی خزمەتگوزاری کڵاودی گووگڵ 10.35 ملیار دۆلار بووە.
 
لە کۆی داهاتەکانی کۆمپانیای ئەلفابێت 23.6 ملیار دۆلاری پوختەی قازانج بووە.
 
داهاتی کۆمپانیای ئەلفابێت لە رێگەی گەڕانی ئینتەرنێتییەوە زیادیکردووە و بەرزبووەتەوە بۆ 10 ملیار دۆلار، بەڵام داهاتی ریکلام لە پلاتفۆرمی یوتیووبی کۆمپانیاکە دابەزیوە، هەر ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی لە دوای راگەیاندنی راپۆرتی داراییەوە بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە بە رێژەی 2٪ دابەزێت.
 
لە کۆی زیاتر لە 84 ملیار دۆلار داهاتی کۆمپانیای ئەلفابێت، زیاتر لە 64 ملیار دۆلاری بەتەنیا لە رێگەی ریکلامەوە بەدەستهاتووە کە بەراورد بە چارەگی دووەمی ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە.
 
یەکێکی دیکە لە سەرچاوەکانی داهاتی کۆمپانیای ئەلفابێت، خزمەتگوزاریی گواستنەوە یان تاکسیی کۆمپانیاکەیە کە بە (وایمۆ) ناسراوە.
 
وایمۆ ئۆتۆمبێلێکی بێ شۆفێری خۆکارە، بە کرێ دەدرێت و لە شاری سان فرانسیسکۆ ئێستا کەوتووەتە کار. ئەلفابێت لە رێگەی وایمۆوە لە چارەگی دووەمی ئەم ساڵدا 365 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە