نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 81 دۆلار دابەزی


رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت رۆژی پێنجشەممە بەهۆی نیگەرانی لە کەمیی خواست لە چین و ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دابەزی.
 
نرخی نەوتی برێنت 38 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 33 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 26 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی چوارشەممە نرخی نەوت دوای بڵاوبوونەوەی ئامارێکی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا بەرزبووەوە کە ئاشکرای کردبوو، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە دابەزیوە.
 
کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکاش لە راپۆرتێکی جیاوازدا رایگەیاندبوو، قەبارەی نەوتی کۆگاکرا هەفتەی رابردوو 3.7 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە.
 
هیرۆکی کیکوکاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (نیسان سکیۆریتی) رایگەیاند، "سەرەڕای دابەزینی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، بەڵام نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە، نرخی نەوتی دابەزاندووە."
 
ئەم ساڵ قەبارەی بەکارهێنانی نەوت لە لایەن پاڵاوگەکانی چینەوە دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە دوای ساڵی 2023ـەوە. بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، دابەزینی بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا لە لایەکی دیکەشەوە بووەتە هۆکار بۆ نیگەرانبوونی بازرگانانی نەوت.
 
لە چەند مانگی رابردوودا پلانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە کە لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە کاری لەسەر دەکرێت و چەندین وڵاتی وەکو قەتەر و میسر نێوەندگێری دەکەن، بە ئەگەری زۆرەوە سەردەکەوێت، ئەوەش نیگەرانییە جیۆسیاسییەکان لە بازاڕی نەوت کەم دەکاتەوە.