نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ 2375 دۆلار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ رۆژی پێنجشەممە 1٪ـی بەهای خۆی لەدەستدا.
 
بازرگانانی زێڕ چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا دەکەن کە ئەمڕۆ و سبەی بڵاودەبنەوە. کۆکردنەوەی قازانج لە لایەن بازرگانانەوە بە یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی ئەمڕۆی زێڕ دادەنرێت.
 
نرخی زێڕ پێنجشەممە (25-7-2024) لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، لە 2400 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 2375 دۆلار دابەزی.
 
کێڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاری (ئواندا) رایگەیاند، "کاتێک چاو لە بنەمای بازاڕی زێڕ دەکەیت، هیچ هۆکارێک نابینیت کە نرخی زێڕ دابەزێنێت، لەبەر ئەوەیە بە بڕوای من، کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕە."
 
کاژێر 03:30ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، ئامارەکانی پەیوەست بە گەشەی ئابووریی ئەمریکا بڵاودەبنەوە. سبەی هەینیش ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە، کە کاریگەری لەسەر بازاڕی زێڕ دادەنێن.
 
ئەو دوو ئامارە دەتوانن ئاماژەی نوێ لەبارەی ئاراستەی ئابووریی ئەمریکا دەربخەن و بەوپێیەش کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە دادەنێن.