سامانە سرووشتییەکان: هێرشەکەی سەر کۆرمۆر کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمشەوی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە." دەشڵێت، هێرشەکە کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی نەبووە.
وەکو لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا هاتووە، کاژێر 07:55ی ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشی مووشەکی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، "بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانی گیانی نەبووە و کاریگەریشی لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی نەبووە."
لە ماوەی مانگی حوزەیران و تەممووزی ئەمساڵدا، بۆ جاری چوارەمە هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان "بە تووندی" هێرشەکەی سەرکۆنە کردووە و دەڵێت، "چەندین جارە ژێرخانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانجی هێرشی مووشەکیی گرووپە چەکدارەکانی لە یاسا دەرچوو."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "هێرشکردنەوە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە ئەمڕۆ لە لایەن میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی دەرەوی یاسا ئەنجام درایەوە، بە تووندترین شێوە شەرمەزار دەکەین. داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنووردانان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە، ئامانجی ئەو دەستدرێژییانەش کە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراق و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستانە."
لە راگەیێندراوەکەیدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، "کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن، هەر جۆرە هێرشێک بۆسەر دامەزراوە و ژێرخانە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەئامانجگرتنی راستەوخۆی خەڵکی کوردستانە و بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە."
هەروەها بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەشی خستووەتە ئەستۆی "ئەو لایەنانەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان سامانی گەلی کوردستان دەکرێتە ئامانج."
هاوکات پەرلەمانی کوردستانیش سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە و داوای لە حکومەتی عێراق کردووە "پابەندییان بە هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر بکەن و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لەو ناوچانە دروستبووە پڕ بکەنەوە."
پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی حکومەتی عێراقی دەزانێت "بەپەلە ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستگیربکەن و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە و، هەموو رێکارێک بگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە لە دووبارەکردنەوەی ئەو جۆرە هێرشانە."
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە سێ مووشەک هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەستیپێکردووە و هێشتا زیانەکان دیارنین و "ناشزانرێت مووشەکەکان لە کوێوە ئاراستە کراون."
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێرشەکە بە سێ مووشەک کراوە، مووشەکەکان لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتوونەتەخوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە."
هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی گوت، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگرێک کەوتووەتەوە و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین.
ئێستا هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیکە گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 22-06-2022 بۆ یەکەمجار بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
رۆژی هەینی، 24-06-2022، جارێكی دیکە بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. ئەوکات ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەمیش گوتی، مووشەکەکە لەو شوێنەوە ئاراستە کراوە کە یەکەمجار مووشەکی لێوە ئاراستە کرا.
رۆژی شەممە 25-06-2022 بۆ جاری سێیەم هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد.