سەرچاوەیەک بۆ رووداو: کەمکردنەوەی لێبڕین دابەشکردنی مووچە دوادەخات


رووداو دیجیتاڵ

داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە گەنجینە و بۆ دابەشکردنی مووچە ئامادەیە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 460 ملیار دیناری داهاتی نەوت گەیشتووەتە گەنجینە و وەزارەتیش کار لەسەر کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ دەکات و هەربۆیەش هیچ کێشەیەک بۆ دابەشکردنی مووچە دروستنابێت.
 
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر بڕیار بدرێت لێبڕینی مووچە کەمبکرێتەوە، ئەوا دابەشکردنی مووچە کەمێک دوادەکەوێت بۆئەوەی وەزارەتەکان خشتەی نوێی مووچە ئامادەبکەن. 
 
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانیش پێشبینی دەکات لێبڕینی مووچە کەمبێتەوە، بەڵام هەر بەو هۆیەوەش دەکرێت دابەشکردنی مووچە دوابکەوێت.
 
سەعدەدین ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەت پلانی داناوە 25ـی مانگ مووچە دابەش بکات، ئەم مانگەش وەکو مانگەکانی دیکە دەبێت، بەڵام بەهۆی پشووی جەژن رەنگە چەند رۆژێک دوا بکەوێت."
 
بەپێی زانیارییەکانی سەعدەدین ئیلخانی، "حکومەت پشت بەو داهاتانە دەبەستێت کە لەبەردەستیدان، بۆیە دابەشکردنی مووچە بە هەمان میکانیزمی مانگەکانی پێشوو دەبێت."
 
پشکی شێری داهاتی هەرێمی کوردستان فرۆشی نەوتە. جگە لە داهاتی گومرگ و خاڵە سنورییەکان، داهاتی ناوخۆ و یارمەتی هاوپەیمانانیش بۆ پێشمەرگە هەیە. رۆژی 11ی ئەم مانگەش 200 ملیار دینار لە بەغداوە خرایەسەر ژمارە حسابی بانکی هەرێمی کوردستان. 
 
سەرۆکی لیژنه‌ى وزه‌ و سامانە سرووشتیه‌كانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بێ داهاتی ناوخۆ 82٪ـی پارەی مووچە دابینکراوە و بۆ پێدانی مووچەی تەواویش 162 ملیار دینار پێویستە لەداھاتی ناوخۆ دابین بکرێت.
 
عەلی حەمەسالح، سەرۆکی لیژنه‌ى وزه‌ وسامانە سروشتیه‌كان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "مانگی رابردوو داهاتی نەوت 514 ملیار دینار بووە، کە 350 ملیۆن دۆلارە، بەغداش 200 ملیار دیناری ناردووە و 20 ملیاری هاوپەیمانانیش، واتە: بەبێ داهاتی ناوخۆ 734 ملیار دینارمان هەیە، واتە بەبێ ئەوەی یەک سەنتی داهاتی باج و گومرگ و رسومان 734 ملیار دینار هەیە، لە کاتێکدا مووچەکە 895 ملیار دیناری پێویستە."
 
لە هەرێمی کوردستاندا 1.251.451 مووچە خۆر هەن، کە 751.805  کەسیان فەرمانبەرانی سەربازی و شارستانین؛ 242.269 کەسیان خانەنشینن. حکومەت بۆ پێدانی مووچەی مانگانە بەبێ لێبڕێن 895 ملیار دیناری پێویستە.