رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند 19 هەزار مێگاوات بەرهەمدەهێنن و رۆژانی کەمی داهاتوو 850 مێگاواتی دیکە دەچێتە سەر ئەو ژمارەیە، دەشڵێت پلانیان بۆ بەرهەمهێنانی سێ هەزار مێگاوات لە رێگەی وزەی خۆرەوە هەیە.
وەزیری کارەبای عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، دوێنێ دووشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2024، لە گوتەیەکدا ژمارەیەک ئامار و رێکار و چارەسەریی لەبارەی کەرتی کارەباوە خستەڕوو.
زياد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبا گوتی: "ئێمە لەسەرەتای وەرگرتنی وەزارەت، تێكڕای بەرهەمهێنانمان 19 هەزار مێگاوات بوو، بەو چاککردنەوانەی کردوومانە توانیمان پارێزگاری لە سەرجەم یەکەکانی بەرهەمهێنان بکەین."
وەزیری کارەبا ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نیشتمانی دا، کە بەراوردێکە لەنێوان 21ـی حوزەیرانی پار و ئەم ساڵ، پار خواست لەو کاتەدا خواست لەسەر کارەبا 29 هەزار مێگاوات بووە و ئەم ساڵ گەیشتووەتە 49 هەزار مێگاوات.
وەزیری کارەبا نموونەی بە بەغدا هێنایەوە و گوتی: "لەبەغدا ساڵی رابردوو بۆ ئەوەی 24 کاژێر کارەبا هەبێت پێویستمان بە 7 هەزار مێگاوات هەبوو، ئەمڕۆ پێویستمان بە 10 هەزار مێگاوات هەیە."
لەبارەی چارەسەرییەکانەوە بۆ دۆخی کارەبا کە لەگەڵ وەرزی هاوینی هەموو ساڵێک گلەیی و ناڕەزایەتی خەڵک بەتایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زیاتر دەبێت، وەزیری کارەبا گوتی: "ئێمە بە سێ ئاراستە کاردەکەین، یەکەم کاردەکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، ئەمڕۆ دوایین یەکەکانی بەرهەمهێنانمان لە پارێزگای سەڵاحەدین دەبێت کە 600 مێگاوات دەبێت و 250 مێگاواتی دیکەش زیاد دەکات و دەخرێنە سەر قەبارەی بەرهەمهێنان."
بە گوتەی وەزیری کارەبا، وەزارەتەکەی توانایەکی باشی گواستنەوە هەیە و کێشەکانی ساڵی رابردوو و ساڵانی پیشتریان تێپەڕاندووە، بەڵام کێشەکە لە دابەشکردندایە، زیاد عەلی گوتی: "کێشەی زۆرمان لە دابەشکردن هەیە بەهۆی ئەو فراوانییە زۆرەی هەیە، لەگەڵ هەڕەمەکیی شارەکان کاریگەریی هەیە، بەڵام هەڵمەتێکی چڕمان بۆ تۆڕەکانی گواستنەوە کە دانانی وێستگەی خێرا دەستپێکردووە، ئاستی خزمەتگوزارییمان باشکردووە، بەهۆی ئەو رێکارانەوە تێکڕاکانی سکاڵاکان بۆ کەمتر لە 30٪ دابەزیون." گوتیشی: "لەسەر پرس دابەشکردنی کارەبا 12 بەرپرسمان دوورخستوونەتەوە."
وەزیری کارەبا ئاماژەی بە ژمارەیەک پڕۆژە دا، کە لە قۆناخی گرێبەستکردندان و گوتی: "ئەو پڕۆژانەی هەمانن و لە قۆناخی گرێبەستکردندان بریتین شەنافییە 750 مێگاوات، خەیرات 1400 مێگاوات، یوسفییە 1200 مێگاوات، ناسریە دوو پڕۆژەمان هەیە 250 مێگاوات و 900 مێگاوات لەگەڵ کۆمپانیای سیمینس، بێجی 2100 مێگاوات، باکوور 750 مێگاوات."
هەروەها باسی بەرهەمهێنانی کارەباشی لە وزەی خۆر کرد و رایگەیاند: "بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆرەوە، چوار گرێبەستمان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی سێ هەزار مێگاوات، پڕۆژەمان هەیە بۆ جێبەجێکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا لەرێگەی باوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ