پارەی دووەم كەشتی نەوتی هەرێمی كوردستان خرایە هاڵک بانک

رووداو - رۆیتەرز

گوتەبێژێك بە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، پارەی فرۆشتنی دووەم كەشتی نەوت، كە بڕەكەی 106 ملیۆن دۆلارە لە هاڵك بانكی توركیا دانراوە.
 
هەرێمی كوردستان نەوتەكەی خۆی بە 13 دۆلار كەمتر بە بەراورد لەگەڵ باشترین جۆری نەوتی جیهانی، كە نەوتی برێنتە فرۆشتووە، لە كاتێكدا نەوتی ئۆراڵی بە كەمتر لە 1.5 دۆلار تا 3 دۆلار بە كەمتر لە نرخی برێنت فرۆشراوە.

گوتەبێژەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رۆیتەرز ئاماژەی بەوە كردووە، كە ئەو بارە نەوتەی كوردستان لەبەر بوونی رێژەیەكی زۆر لە گۆگرد لەناو نەوتەكە، نرخەكەی بە كەمتر فرۆشراوە. ئەو كۆمپانیا نەوتیانەی كە نەوتەكەیان كڕیوە خۆیان پاكی دەكەنەوە.
 
رۆیتەرز دەڵێت لەبەر دروستكردنی هەندێك بەربەست لەسەر كڕینی نەوتی كوردستان یەكەم كەشتی نەوتی كوردستان بە نرخێكی هەرزانتر لەوەی دووەم فرۆشرابوو.

پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، کەشتی سێیەم و چوارەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بارکراوە و نێردراوەتە بازاڕەکانی جیهان.