سیتی گر‌ووپ لە بەغدا و هەولێر و بەسرە لق دەكاتەوە

25-06-2013
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
عومەر ئەحمەد
رووداو - ئاژانسەكان

پاش ئەوەی بەرپرسانی عێراق مۆڵەتی سەرەتایی سیتی گرووپیان لە رۆژی دووشەممە دەركرد، ئەم بانكە بەناوبانگە بەنیازە لە عێراق لقەكانی خۆی بكاتەوە. 

بەپێی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەمە یەكەمین لقی بانكی بەناوبانگی ئەمریكی، سیتی گرووپە كە پاش ساڵی ٢٠٠٧ ، لە وڵاتێكی بیانی دەكرێتەوە.
سیتی گرووپ چالاكە لە بەڕێوەبردنی كەرتی بازرگانی و دارایی عێراق و هەروەها هاوكارە لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت لە رێگەی لقی ئوردنی ئەم بانكە.

دنیس فلانێری، بەڕێوەبەری بەشی داهاتی سیتی گرووپ رایگەیاند: پێشبینییەكان وا دەردەخەن تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتو‌وانی عێراق دەگاتە ٥٠ ملیۆن و قەبارەی ئابوورییەكەشی نزیك دەبێتەوە لە ٢ تریلیۆن دۆلار.

بەپێی راپۆرتی بانكی ناوەندی عێراق، ئێستا ١٥ بانكی بیانی لە عێراقدا چالاكن و لەوانەش ٧ بانك حكومین و ٢٣ بانكی ناوخۆیی و تایبەت لە بازاڕەكانی عێراقدا بەشدارن.

بەرپرسانی ئەم بانكە رایانگەیاندووە، پاش كردنەوەی لقی بەغدا ، بەنیازن دوو لقی دیكە لە هەولێر و بەسرە بكەنەوە.

هاوكات، بانكی HSBC ، بە نیازە لە عێراق بكشێتەوە، ئەم بانكە بەناوبانگە پێشتر پشكداربوو لە بانكێكی تایبەت، بەڵام بانكێكی بەناوبانگی دیكە، Chartered PLC دەیەوێ سێ لقی خۆی لە عێراقدا بكاتەوە. سیتی گرووپ پێشتر لە وڵاتانی ئیماراتی یەكگرتوو، بەحرەین، قەتەر، كوەیت و میسر لقی كردووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە