رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، کۆی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان زیاتر لە 41 تریلیۆن و 500 ملیار دینارە. پشکی هەرێمی کوردستانیش نزیکەی 5 تریلیۆن دینارە.
وەزارەتی پلاندانان لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، 38 تریلیۆن و 421 ملیار دینار بۆ بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان جگە لە هەرێمی کوردستان دانراوە. کۆی بودجەی بەردەستی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ ئەم ساڵ دەگاتە 41 تریلیۆن و 524 ملیار دینار.
وەزارەتەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، لەسەر بنەمای ئەوەی خراوەتەڕوو، ئەو بەراوردەی لە دەزگاکانی راگەیاندن لە نێوان پشکی پەرەپێدانی هەرێمەکان، پارێزگاکان و لە نێوان کۆی خەرجیی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەراوردێکی نادروستە.
دەشڵێت، دەبێت بەراوردەکە بەم جۆرە بکرێت: کۆی خەرجیی وەبەرهێنانی پارێزگاکان دەگاتە 41 تریلیۆن و 524 ملیار دینار. لەو بڕە، 4 ترلیۆن و 875 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە و پابەندیی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر پشکی هەرێمی کوردستان لە هەموو رووێکەوە جێبەجێ کراوە.
وەزارەتی پلاندانان دەڵێت، ئەو پارەیەی بەپێی بەرنامەی پەرەپێدانی هەرێمەکان لە بودجەی ساڵی 2023 تەرخانکراوە و خەرجنەکراوە، 6 ترلیۆن و 947 ملیار و 433 ملیۆن دینارە و ئێستا پارەکە لە وەزارەتی دارایی عێراقە.
ئەمە جگە لەو پارەیەی بەپێی پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک دانرابوو و خەرجنەکراوە کە بڕەکەی دەگاتە پێنج تریلیۆن و 824 ملیار و 403 ملیار دینار.
بەپێی خشتەی بودجەی 2024ـیش، 3 تریلیۆن و 103 ملیار و 158 ملیۆن دیناری بودجەی وەبەرهێنان دەخرێتە سەر ئەو ژمارانە.
بەمەش، کۆی ئەو پارەیەی ماوەتەوە 15 تریلیۆن و 875 ملیار دینارە. وەزارەتەکە دەڵێت، پلانەکە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە. بەرنامەی پەرەپێدانی هەرێمەکان، پێترۆ دۆلار، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و قەرزەکان دەگرێتەوە.
ئەمانە سەرچاوەی زیادبوونی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانن.
جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە جیاوازییە روواڵەتییەکان لە پشکی هەرێمی کوردستان بودجەی وەبەرهێنانی سەروەری دەگرێتەوە کە بڕەکەی دەگاتە 2 تریلیۆن و 700 ملیار دینار، بەڵام بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ئەو پارەیە خەرجنەکراوە.
خەرجکردنی ئەو پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە مەرجی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی سۆمۆ و رادەستکردنی داهاتە نەوتییەکان بە وەزارەتی دارایی عێراق.
وەزارەتەکە باسی لەوەشکردووە، بە پشتبەستن بە یاسای بودجەی سێ ساڵی 2023-2025 و یاسای ئیدارەدانی دارایی ساڵی 2019، پارە خەرجنەکراوەکان کە وەکو پارەی دانراو لە پارێزگاکان یان وەزارەتی دارایی تۆمار دەکرێن، حکومەتە خۆجێییەکان دەتوانن بەپێی میکانیزمی پەسندکراو لە پڕۆژەکاندا خەرجی بکەن.
ئەو پارانە دەخرێنە سەر پشکی بودجەی پارێزگاکان لە چوارچێوەی خشتەی بودجەی 2024.
وەزارەتەکە دەڵێت، پارەی دیکەش هەیە کە بۆ پارێزگاکان تەرخان دەکرێت، ئەویش لە دەروازە سنوورییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە زۆرینەی پارێزگاکان لێی سوودمەندن، چونکە خاوەن دەروازەی سنووری، بەندەری ئاسمانی و وشکانین.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پارەی زیاتر دەخرێتە نێو سندووقە جیاوازەکانیشەوە؛ ئەوانیش سندووقی ئاوەدانکردنەوەی زیقار و شنگال، ناوچە زیانلێکەوتووەکان و پشتیوانیکردنی ناوچە هەژارنشینەکان. پارەی تەرخانکراو بۆ ئەو سندووقانە دەگاتە نزیکەی 2 تریلیۆن دینار.
وەزارەتەکە دەشڵێت، راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەمیشە ئەوە بووە کە پشتیوانیی هەوڵەکانی حکومەتە خۆجێییەکان بکات و پابەندییە داراییەکان بەرامبەریان بەجێ بگەیێنێت، پڕۆژە بنەڕەتییەکان و پڕۆژەی نوێ.
باس لەوەشدەکات، بەپێی خشتەی (هـ) و وەک بڕی زیادە، ئەنجوومەنی نوێنەران بڕی 4 تریلیۆن و 700 ملیار دینار لە بودجەی گشتیی ساڵی رابردووی وەزارەتەکانی کارەبا و نەوت خراوەتە سەر بودجەی پارێزگاکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ