کارەبای عێراق: کارەبا لە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەکڕین

25-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیێنێت، کارەبا لە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەکڕن و بڕەکەشی بەپێی پێویستی دەگۆڕێ.
 
ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی شەممە، 25-05-2024، بە رووداوی گوت: "کارەبا لە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەکڕین، لەوانە گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیای کار هەیە بۆ کڕینی کارەبا".  
 
كارەباکە بۆ پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک و سەلاحەدین دەچێت. 
 
سەبارەت بە بڕی ئەو کارەبایەی لە هەرێمی کوردستان دەیکڕن، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی: "بڕەکەی جێگیر نییە، بەپێی پێویست دەگۆڕێ. هەندێک کات رۆژانە 300 مێگاوات، هەندێک جاریش 400 بۆ 500 مێگاوات کارەبایە". 
 
بەپێی بودجەی فیدراڵیی ساڵانی پاش 2003 تاوەکو ئێستا، حکومەت زیاتر لە 40 ملیار دۆلاری لە کەرتی کارەبا خەرجکردووە؛ بەڵام کێشەی کارەبای چارەسەر نەکراوە.
 
ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق باس لەوە دەکات، وەزارەتی کارەبا ئامادەکاریی کردووە بۆ دابینکردنی کارەبا لە وەرزی هاوین، "هەر لە نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانەوە بگرە تاوەکو دەگاتە هەبوونی وێستگەی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا، وەکو وێستگەی دوبز، وێستگەی عوکاز و وێستگەی موسەیب، هەروەها نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا و هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا."
 
ئێستا عێراق نزیکەی 27 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، گوتەبێژی ئەو وەزارەتە دەڵێت، پلانیان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، 5000 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی زیاد بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 27-03-2024، وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق واژۆی لەسەر گرێبەستێکی هاوردەکردنی گازی سرووشتی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئێرانی کردووە. وەکو وەزارەتەکە دەڵێت، بەپێی رێککەوتنەکە، رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز هاوردەی عێراق دەکرێت.
 
وەزارەتی کارەبا باس لەوەش دەکات، هاوردەکردنی گازی سرووشتی تاوەکو ئەوکاتە بەردەوام دەبێت کە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکانی نێوخۆ تەواو دەبن و خواستی پێویستی کارەبای نێوخۆی عێراق دابین دەکەن.
 
 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە