سەرۆکوەزیرانی رووسیا: ئەمساڵ ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ چین دەگاتە 200 ملیار دۆلار

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی رووسیا دەڵێت، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان رووسیا و چین ئاستێکی پێوانەیی نوێ تۆماربکات و بگاتە 200 ملیار دۆلار.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، وڵاتانی رۆژئاوا زنجیرەیەک سزایان بەسەر رووسیادا سەپاند، ئەمەش وایکرد، مۆسکۆ خۆی لە وڵاتانی رۆژهەڵات نزیک بکاتەوە، بەتایبەتیش چین.
 
ساڵی رابردوو، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان رووسیا و چین بەڕێژەی 30% بەرزبووەوە و گەیشتە 190 ملیار دۆلار، هۆکاری سەرەکیش، زیادبوونی کڕینی نەوتی رووسیا بوو لەلایەن چینەوە.
 
ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوام بووە لە بەرزبوونەوە و بەپێی ئاماری گومرگەکانی چین، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان رووسیا و چین 41٪ زیادبووە.
 
میخائیل میشوستین، سەرۆکوەزیرانی رووسیا لەمیانی گوتارێکدا لە کۆڕبەندی بازرگانی چین و رووسیا لە شەنگهای گوتی، باوەڕم وایە ئەمساڵ دەتوانین بەو ئامانجانە بگەین، کە سەرکردەکانی هەردوو وڵات دایانناوە و کۆی گشتیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ 200 ملیار دۆلار بەرزبکەینەوە.
 
لە ساڵی 2019ـدا هەریەک لە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین رێککەوتن لە ساڵی 2024ـدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بگەیێننە 200 ملیار دۆلار.
 
تێپەڕاندنی چاوەڕوانییەکان بەوەی رووسیا و چین پێش ساڵی 2024 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان بگەیەننە 200 ملیار دۆلار لەکاتێکدایە، سەرۆکوەزیرانی رووسیا دەڵێت، هاوئاهەنگیی بواری وزە لەگەڵ چین، وەکو "کاری لەپێشینەی رەها"ـی رووسیا دەمێنێتەوە.