رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ زیاتر لە 50 دۆلار و بۆ خوار 3300 دۆلار دابەزی.
ئەمڕۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە سێ هەزار و 295 دۆلارە، نرخەکەی ئەمڕۆ 52 دۆلار دابەزیوە. نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کورستانیش دابەزی. بەجۆرێک، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21، 10 هەزار دینار دابەزی؛ لە 700 هەزار دینارەوە بووە 690 هەزار دینار.
ئاماژەکانی هێوربوونەوەی گرژییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، مەترسیی دروستبوونی شەڕی بازرگانیی کەمکردووەتەوە، ئەوەش هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی نرخەکەی.
سەرەڕای ئەوەش هێشتا هیچ کام لەو دوو وڵاتە رێککەوتنی راستەوخۆیان رانەگەیاندووە و چوارچێوەیەکی روون بۆ رێککەوتنێکی لەو شێوەیە نییە.
ئەمریکا پێناسی گومرگی بە رێژەی 145٪ بەسەر چیندا سەپاندووە؛ چینیش بە 125٪ وەڵامی داوەتەوە.
بەڵام بەپێی راپۆرتی ئاژانسی بلومبێرگ، حکومەتی چین بیر لەوە دەکاتەوە ئەو رێژەیە لەسەر بەشێک لە کاڵاکانی ئەمریکا کەمبکاتەوە.
بڕیارێکی لەم شێوەیە دەبێتە ئاماژەی راستەوخۆ لە چینەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان و دەکرێت واشنتن هانبدات بە رێکارێکی ئەرێنیی هاوشێوە وەڵامبداتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاندووە، ئیدارەکەی هەندێک گفتوگۆی لەگەڵ چین هەیە و لابردن و کەمکردنەوەی گومرگ لەسەر چین، بەندە بە خۆیانەوە.
بەرزبوونەوەی پێنوێنی نرخی دۆلاریش دوای دابەزینە بەرچاوەکەی ئەم هەفتەیەی، هۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە، ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە ئاستی مێژوویی 3 هەزار و 500 دۆلار. شارەزایان پێیانوایە لەگەڵ هەر گرژبوونەوەیەکی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، دەکرێت زێر ئەو ئاستە ببینێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ