نێتفلیکس: لە 4 ساڵی داهاتوودا 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە سینەمای کۆرییدا وەبەرهێنان دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای نێتفلیکس دەڵێت، لە 4 ساڵی داهاتوودا بڕی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە سینەما و درامای کۆرییدا وەبەرهێنان دەکات. ئەو پارەیەش دوو هێندەی ئەو بڕەیە لە 2016ـەوە لە سینەمای کۆریای باشووردا وەبەرهێنانی کردووە.
 
رۆژی سێشەممە 25-4-2023، تێد ساراندۆس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نێتفلیکس لەگەڵ یون سوک یووڵ، سەرۆکی کۆریای باشوور لە واشنتن کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە ساراندۆس رایگەیاند، "نێتفلیکس دڵخۆشە رایبگەیێنێت کە لە چوار ساڵی داهاتوودا 2.5 ملیار دۆلار لە بەرهەمهێنانی درامای کۆری، فیلم و بەرنامەی نوێوە وەبەرهێنان دەکات."
 
لە دەیەی رابردوودا کۆریای باشوور هەوڵیداوە کولتوور و هونەری خۆی لە نێو هونەری جیهانیدا بچەسپێنێت؛ لە 2019دا فیلمی پاراسایت دەرچوو کە دواتر خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە و لە 2021یشدا درامای سکوید گەیم هەوادارێکی زۆری لە جیهاندا هەبوو.
 
ساراندۆس دەڵێت، ئەو بڕە پارەیەی لە 4 ساڵی داهاتوودا لە دراما و فیلمی کۆرییدا وەبەرهێنانی پێوە دەکەن دوو هێندەی ئەو بڕەیە کە لە 2016ـەوە لە کۆریای باشوور وەبەرهێنانیان کردووە.
 
ساراندۆس دەڵێت، باوەڕی وایە سینەمای کۆریای باشوور لە داهاتوودا سەرکەوتنی گەورە لە پیشەسازی فیلمدا بەدەستدەهێنێت و باسی لەوەش کرد، ئێستا ئەو چیرۆکانەی دەرهێنەرە کۆرییەکان لە فیلمە سینەمایی و دراماکاندا بەکاریان دەهێنن جێگەی خۆیان لە دی کولتووری جیهانیدا کردووەتەوە.
 
لە چەند ساڵی رابردوودا بینەری بەرهەمە سینەماییەکانی کۆریای باشوور لە جیهاندا زیادیکردووە. ئاماری نێتفلیکس ئەوە نیشاندەدات، 60٪ی بینەرانی لە 2022دا تەماشای فیلم و درامای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیایان کردووە.
 
نێتفلیکس لە 2015 تاوەکو 2021 نزیکەی 750 ملیۆن دۆلاری لە پیشەسازی فیلم و بەرنامەی ئینتەرتەینمێنت لە کۆریای باشوور خەرجکردووە. 
 
نێتفلیکس کۆمپانیایەکی ئەمریکیی تایبەت بە فیلمی سینەمایی، دراما و بەرنامەی ئینتەرتەینمێنتە. لە ساڵی 1997 لەلایەن رید هاستینگس و مارک راندۆڵف لە کالیفۆرنیا دامەزراوە.