بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕ و بۆرسەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر بەرزبووەوە و، ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەڵێت "بەراورد بە پێشتر، داواکاری لەسەر دۆلار کەمبووەتەوە".
 
رۆژی سێشەممە 25-04-2023 حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر، لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار نزیکەی 140 هەزار و 500 دینارە، بەمەش بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەتەوە، هۆکاریش زۆرن لەوانە ئەو بڕە دۆلارەی بانکی ناوەندی خستوویەتییەڕوو، جگە لەوەش عێراق رژدە لەسەر بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار".
 
رۆژی دووشەممە، 24-4-2023، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە 142 هەزار و 900 دینار بوو بۆ کڕین و  143 هەزار و  50 دینار بوو بۆ فرۆشتن، لەکاتێکدا ئەمڕۆ سێشەممە، 25-4-2023، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی تاوەکو ئێستا (کاژێر 01:51ـی دوانیوەڕۆ) بە 140 هەزار و 500 دینارە بۆ کڕین و 141 هەزار و  250 دینارە بۆ فرۆشتن.
 
دوای پشووی هەفتەی رابردوو و جەژنی رەمەزان، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق بڕی 171 ملیۆن و 508 هەزار و 366 دۆلاری ئەمریکی لە ڕێگەی دەروازەی فرۆشتنی دراوەوە خستەبازاڕەوە، لەو بڕەش 164 ملیۆن و 408 هەزار و 366 دۆلاری لەرێگەی حەواڵەوە فرۆشتووە، تەنیا 7 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری لە رێگەی فرۆشتنی راستەوخۆ و کاشەوە بووە.
 
بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلاری ئەمریکی بە بەهای 131 هەزار دینار دەفرۆشێت و دەیەوێت لەماوەکانی ئاییندەدا بەهای دینار بەرزبکاتەوە، ئەوەش لەرێگەی چەند رێوشوێنێکەوە، کە لەمساڵدا گرتوویەتیەبەر.