دۆخی ئابووری مژاری سەرەکی هەڵبژاردنی تورکیایە

25-04-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
تادێت بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا و باکووری کوردستان گەرمتر دەبێت
تادێت بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا و باکووری کوردستان گەرمتر دەبێت
نیشانەکردن هەڵبژاردنی تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 20 رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆککۆماری تورکیا و، تادێ بانگەشەکان گەرمتر دەبن. باشکردنی دۆخی ئابووریش، مژاری سەرەکیی گوتەی زۆربەی بەربژێرەکانە.
 
سەرۆککۆماری تورکیا، یاریدەدەرەکەی و 15 وەزیری بۆ پەرلەمان بەربژێرکردووە، رۆژی دووشەممە (24-4-2023) لە پارێزگای بورسە بەڵێنی دا، رێژەیەک لە داهاتی گازی سرووشتیی دەریای رەش، تایبەت بۆ هاوکاریکردنی گەنجان و خێزانەکان تەرخان بکات.
 
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بورسە گوتی "کاتێک کار لە پرۆژە تازەکاندا دەکەین، دۆخی بازاڕ پشتگوێ ناخەین. پێداگرین لەسەر دابەزاندنی ئەو هەڵاوسانەی خەڵکی ئێمەی زەرەرمەند کردووە، بۆ تاک ژمارەیی".
 
سەرۆکی گشتیی جەهەپەش کە بەربژێری هاوپەیمانیی میللەتە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی ناوەستێت. 
 
کڵچدارئۆغڵو لە پارێزگای قەرسی باکووری کوردستانەوە بەڵێنی بووژاندنەوەی ناوچەکەی دا.
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە گوتی "بە ئەرزەڕۆمەوە، پارێزگاکانی قەرس، ئیدر و ئاردەهان وەکو هەرێمی ئابووریی تایبەت رادەگەیەنین. ئینجا ئەوکاتە دەبینن گەشەپێدان چۆن دەکرێت".
 
لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، کە ساڵی 2018 هەدەپە زیاتر لە 70٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا. هەدەپە ئەمجارە بە لیست و لۆگۆی یەسەپە بەشداری دەکات و لە جۆلەمێرگەوە بانگەشە بەرفراوانەکانی دەستپێکرد.
 
لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەدا باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەلاحەددین دەمیرتاش پەیامێکی دەمیرتاشی خوێندەوە. 
 
باشاک دەمیرتاش گوتی "لەو باوەڕەدام ئەمە دوایین پەیامی سەلاحەدینە لە هەکاری دەخوێندرێتەوە، چونکە رۆژی 14ـی ئایار هەڵبژاردن دەبەینەوە و ئەو دێتە ئێرە و خۆی گوتار پێشکێش دەکات".
 
رۆژی 14ـی ئایار، خەڵک لە باکووری کوردستان و تورکیا دوو جار دەنگ دەدەن؛ یەکێکیان بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەوەی دیکەشیان بۆ پەرلەمان. بەشێکیان لەگەڵ بەردەوامبوونی دەسەڵاتی هەنووکەیین. بەشیکیشیان چاوەڕێی گۆڕانکاریی ریشەیین.
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە